سنە؛ دەستبەسەرکران و نادیاری چارەنووسی ئازاد ڕەحیمی

٢٥ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٢:١٧

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢٤

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی ئازاد ڕەحیمی خەڵکی شاری سنە نزیکەی ٤٨ ڕۆژە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو، ئازاد ڕەحیمی، تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی شاری سنە نزیکەی یەک مانگ و نیوی پێش لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ڕێگای نێوان مەریوان - سنە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستاش لە بەندیخانەی مەریوان دەستبەسەرە و چارەنووسی نادیارە.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، دوای دەستبەسەر کردنی ئەم هاووڵاتییە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە سەرەتا بۆ ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ڕاگواستراوە و دوای نزیکەی دوو حەفتە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەریوان گواستراوەتەوە.

شایانی باسە کە، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بە مەبەستی ئاگاداری لە چارەنووسی ناوبراو تا ئێستا بێ ئەنجام بووە و ناوەندە ئەمنییەکان ئامادە نەبوون وەڵامێکی دیاریکراو لەو بارەیەوە بدەن.

تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەک ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و تۆمەتەکانی وەپاڵدراو و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە