کوشتنی ژنێکی گەنج لە ئەندیمێشک لە لایەن داواکارەکەیەوە

٢٧ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٢:٤٣

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٧ی خەرمانانی ٢٧٢٤

ژنێکی گەنج دانیشتووی شاری ئەندیمێشک سەر بە پارێزگای خووزستان بە ناوی ڕووناک تەوەسولی پوور، بە تەقەی ڕاستەوخۆ لە لایەن داواکارەکەیەوە بە ناوی عەلی شوجاعی کوژراوە. بکوژ دوای ئەنجامدانی ئەو تاوانە هەڵاتووە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (١٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، ڕووناک تەوەسولی پوور تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی ئەندیمێشک بە تەقەی ڕاستەوخۆ بە دەستی پیاوێکی گەنج کوژرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم ژنە دوای ئەوەی کە پێشنیاری تۆمەتباری بۆ بە جێهێشتنی ئەندیمێشک بە بێ ئاگاداری باوکی ڕەد کردبووەوە، لە بەرامبەر کافەیەک بە لێدانی سێ گوللە کوژرا.

شایانی باسە کە، تۆمەتبار ساڵی ڕابردوو بە هۆی ناڕازییبوونی باوکی قوربانی، ماڵی بنەماڵەیی ڕووناک تەوەسولی پووری داوەتە بەر دەستڕێژ گوللە و دوای ماوەیەک لە دەستبەسەرکردنی بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە