کرماشان؛ گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە لوتفوڵڵا پەرویز و موحسین ئیسفەندیاری‌تەبار

١٢ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٤:٤٥

هەنگاو؛ دووشەممە ١٢ی خەرمانانی ٢٧٢٤

سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک مانگ لە دەستبەسەرکرانی موحسین ئیسفەندیاری‌تەبار، سەرهەنگی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لوتفوڵڵا پەرویز لە لایەن ئیتلاعاتی سوپای کرماشانەوە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان بەمەبەستی ئاگاداربوونەوە لە بارودۆخیان بەبێ ئاکام ماوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لوتفوڵڵا پەرویز سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی یەک مانگ و موحسین ئیسفەندیاری‌تەبار سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک مانگ لە دەستبەسەرکرانیان، نە تەنیا هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا نەبووە بەڵکوو لە کاتی ڕۆیشتنی بنەماڵەکانیان بۆ ئیتلاعاتی سوپای پارێزگاش ئەو ناوەندە ڕایگەیاندووە کە هیچ زانیارییەکیان لەسەر دەستبەسەرکرانی ئەو دوو کەسە نییە و هەر ئەوە نیگەرانیی زێاتری کەسوکاریانی لێکەوتۆتەوە.

لە لایەکی دیکەوە هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە ئەو دوو هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەبەر کامێراکاندا لەژێر ئەشکەنجەی سەختی هێزە ئەمنییەکان داندراون.

شایەنی باسە کە هەستیاری سەبارەت بە چالاکانی مەدەنی، کولتووری و ژینگەپارێزیی گیەڵان، لە دوای ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵ کە بە ئامادەبوونی زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس بەڕێوە چبوو، زیاتر بووە و ئەمساڵ دەیان کەس بانگ کراون و یان دەستبەسەر کراون، تەنیا لە یەک مانگی ڕابردوودا هەشت کەس دەستبەسەر و بە دانانی بارمتە ئازاد کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار: "سوپای پاسداران لە هەوڵدایە بە تۆمەتی بێ‌بنەما دژ بەو کەسانە، چالاکییەکانیان بە سووکایەتیکردن بە خەڵک و سەرکردەکان، باج وەرگرتن و ئاگرکردنەوە پەیوەندی بدات و بەمەبەستی تێکشکاندنی کەسایەتی و سەرکوتی کۆمەڵگای مەدەنی دژ بەو کەسانە دۆسیە ساز بکات. هەروەها لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو بابەتەدا دژ بە چالاکانی سیاسی خەڵکی گیەڵان و دانیشتووی دەرەوەی وڵاتیش دۆسیە ساز کراوە".

پێشتریش ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان و ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنیی کرماشان بە ڕاگەیەندراوەیەک سەبارەت بە سازکردنی دۆسیە دژ بەو چالاکانە بە تۆمەتی بێ‌بنەما و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە هۆشدارییان دابوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، موحسین ئیسفەندیاری‌تەبار و لوتفوڵڵا پەرویز لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا پاڵپشتییان لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزیی گیەڵان کردبوو و هەروەها لە ئەندامانی چالاکی "کەمپینی ڕزگارکردنی زاگرۆس" بوون و لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵدا بەهۆی پاڵپشتی لەو ڕێوڕەسمە و هەوڵ بۆ وەرگرتنی مۆڵەت لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ کرابوون و هەڕەشەیان لێکرابوو.

موحسین ئیسفەندیاری‌تەبار هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گیەڵان کە وەکوو سەرهەنگی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران کاری دەکرد، ڕۆژی دووشەممە ٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٢٩ی جولای ٢٠٢٤)، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی لە تاران دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای نەبی ئەکرەمی کرماشان گواسترایەوە. هەروەها لوتفوڵڵا پەرویز ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی گەلاوێژ (١٣ی ئاگۆست) لە لایەن ئەو هێزانەوە لە گیەڵان دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپا گواسترایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە