ئەشکەنجە کردنی سەختی هاوڕێ قووە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای ئورمیە و شکانی دەستی ناوبراو لە ژێر ئەشکەنجەدا
هەنگاو؛ سێشەممە ١١ی بەفرانباری ٢٧٢٤
هاوڕێ قووە، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەهاباد کە دوو مانگ پێش لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسداران لە نزیکی پیرانشار دەستبەسەر کرابوو، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد گواستراوەتەوە. ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەرییەکەیدا بە سەختی ئەشکەنجە دراوە و دەستی شکاوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو هاوڕێ قووە، تۆمەتباری سیاسی دوای دوو مانگ دەستبەسەری لە دەستبەەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ئورمیە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد گواستراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەستێکی هاوڕێ قووە لە ژێر ئەشکەنجەدا شکاوە و ناوبراو لە ڕۆژانی ڕابردوو توانیویەتی چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی لە بەندیخانە هەبێت.
هاوڕێ قووە، ڕۆژی دووشەممە ٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (٢٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، لە جادەی نێوان مەهاباد_پیرانشار لە نێو ئۆتۆمبێلەکەی خۆی لە جۆری پراید؛ لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسداران ڕاگیراوە و دەستبەسەر کراوە.