دەستبەسەرکرانی حوسێن فەتاحی هاووڵاتیی خەڵکی گیەڵان

٢٩ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٢:٢٥

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٩ی خەرمانانی ٢٧٢٤

هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکێ گیەلان سەر بە پارێزگای کرماشان بە ناوی حوسێن فەتاحی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لە بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (١٩ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، حوسێن فەتاحی تەمەن ٣٥ ساڵ، هاووڵاتیی کورد خەڵکی گیەڵان لە ڕەوتی هێرشکردنی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا.

هەنگاو ئاگادار بووەتەوە کە، دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە دوای بڵاوکردنی گرتە ڤیدیۆیەکی ڕەخنەگرانە لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی بووە کە لەو گرتە ڤیدیۆیەدا ئاماژە بە دۆخی بێکاری و دەستبەسەرداگرتنی کانگای خەڵووزە بەردینەی گیەلان دەکات لە لایەن گرووپێکی تایبەتەوە.

شایانی باسە کە، حوسێن فەتاحی هاووڵاتیی خەڵکی گیەلان لە پاڵ چالاکیی وەرزشی و هونەری لە کاری خێرخوازی و یارمەتی بە هەژاران چالاکی دەکات.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە