دێهلۆران؛ دەستبەسەرکردنی مستەفا محەممەدی و موجتەبا یاوەر و گواستنەوەیان بۆ بەندیخانەی ئیلام
هەنگاو؛ شەممە ٣٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٦
دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری دێهلۆران سەر بە پارێزگای ئیلام بە ناوەکانی مستەفا محەممەدی و موجتەبا یاوەر لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کران و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام گوازرانەوە. دەستبەسەرکردنی ئەم دوو هاووڵاتییە دوای ئاشکراکردنی دۆسیەکانی گەندەڵیی دارایی بەرپرسانی شارەکە لەلایەن ئەوانەوە هاتووەتە ئاراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٣٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ (٢٠ی ژوئەنی ٢٠٢٦)، هێزە حکوومەتییەکان بە هێرشکردنە سەر ماڵی مستەفا محەممەدی، ناوبراویان دەستبەسەر کرد و بۆ باڵەخانەی دادی دێهلۆران گواستیانەوە. دواتر موجتەبا یاوەر کە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆسیەکەی مستەفا محەممەدی و هاوڕێیەتیکردنی بنەماڵەکەی، سەردانی یەکێک لە لقە دادگای ئەو شارەی کردبوو دەستبەسەر کراوە. هەر دوو هاووڵاتییەکە دوای تەواوبوونی قۆناغە سەرەتاییەکانی پێڕاگەیاندنی تۆمەتەکان، ڕاستەوخۆ بۆ بەندیخانەی ئیلام گوازرانەوە.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، مستەفا محەممەدی لەگەڵ تۆمەتی قورس و سیناریۆ بۆ داڕێژراوی «پێوەندی لەگەڵ دەوڵەتانی نەیار و ئیسرائیل» ڕووبەڕوو کراوەتەوە. تۆمەتی موجتەبا یاوەریش وەک «بڵاوکردنەوەی بابەتە ڕەخنەیییەکان لە تؤڕە کۆمەڵایەتییەکان» ڕاگەیەندراوە. ئەم دوو هاووڵاتییە لەم دواییانەدا لە لاپەڕە تایبەتەکانی خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، دەستیان دابووە ئاشکراکردن و ڕەخنەی توند سەبارەت بە «گەندەڵیی بەرپرسانی شاری دێهلۆران» .
هەنگاو زانیویەتی کە بەرپرسانی دادوەریی دێهلۆران بۆ ئازادکردنی کاتیی موجتەبا یاوەر بارمتەی قورسی ١ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن تمەنی و بۆ مستەفا محەممەدی بارمتەی ٨٠٠ ملیۆن تمەنییان دیاری کردووە.
مستەفا محەممەدی پێشتریش لە کاتی خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و پێشینەی لێپرسینەوە و مامەڵەی دادوەریی هەیە.