دەستبەسەرکرانی دووبارەی تاهیر کەتانی لە مەهاباد

٣٠ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٦:٥٧

هەنگاو؛ هەینی ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢٤

تاهیر کەتانی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری مەهاباد کە دوو ساڵ پێشتریش دەستبەسەر کرابوو، جارێکی دیکە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٢٠ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، تاهیر کەتانی، هاووڵاتیی تەمەن ٤٥ ساڵی خەڵکی گوندی "لەج" سەر بە شاری مەهاباد، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و دەستبەسەریان کردووە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە، هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.

شایانی باسە کە، تاهیر کەتانی ڕۆژی شەممە ٢٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ (١٦ی جولای ٢٠٢٢)، لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی ئەو گوندە بەناوی ئەمیر بابۆلی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە دەستبەسەر کرابوون و دوای ٩ مانگ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون. هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا ئەمڕۆ هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەمیر بابۆلی بەڵام نەیانتوانیوە ناوبراو دەستبەسەر بکەن.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە