بەندیخانەی ئێڤین؛ بارودۆخی نالەباری تەندروستی لوقمان عەلیزادە بەندکراوی ئایینی کورد دوای ١٣ مانگ دەستبەسەری

١ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٣:٠٠

هەنگاو؛ یەکشەممە ١ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

لوقمان عەلیزادە، بەندکراوی مەزهەبیی کورد و خەڵکی بۆکان بەهۆی ئەشکەنجەی جەستەیی و گوشاری دەروونییەوە تووشی نەخۆشی بووە و لە مافی چاودێری و چارەسەری پزیشکی بێبەش کراوە. ناوبراو یەک ساڵ و ١٩ ڕۆژی ڕابردووی لە دەستبەسەریدا تێپەڕ کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لوقمان عەلیزادە، بەندکراوی ئایینی تەمەن ٣٤ ساڵ و دانیشتووی گوندی "سەراوقامێش"ی سەر بە شاری بۆکان لە بەندیخانەی ئێڤین لە مافی چارەسەری پزیشکی بێبەش کراوە.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، لوقمان عەلیزادە لە بەندیخانەی ئێڤین تووشی هەوکردنی توندی ڕیخۆڵە بووە و پێشتریش جارێک نەشتەرگەری بۆ کراوە و تا ئێستا بە تەواوی چاک نەبووەتەوە.

هەروەها، ئە م بەندکراوە مەزهەبییە بە هۆی گوشاری ئەشکەنجەدانی تووشی نەخۆشی دڵ بووە و بە هۆی ڕێگریی بەرپرسانی بەندیخانە و ناوەندی دادوەری لە ناردنی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان بێبەش کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەم بەندکراوە مەزهەبییە، لوقمان عەلیزادە هەڕەشەی لێ کراوە تا کاتێک دانپێدانانی زۆرەملێ قبووڵ نەکات؛ لە دەستڕاگەیشتن بە دەرمانی پزیشکی بێبەش دەمێنێت.

جێ ئاماژەیە کە لوقمان عەلیزادە لە بانەمەڕی ٢٧٢٣، دوای چەند مانگ ئەشکەنجەدان لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەندیخانەی ئێڤین گواسترایەوە.

لوقمان عەلیزادە لە ڕێکەوتی ١٣ی خەرمانانی ٢٧٢٣، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە