سەحنە؛ ئەمیرحوسێن حەق‌جویان، لە نزیکانی ڕەزا ڕەسایی دەستبەسەرکرا

٢ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٨:٥٤

هەنگاو؛ دووشەممە ٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

ئەمیرحوسێن حەق‌جویان، کوڕەخاڵ و لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازی ڕەزا ڕەسایی هاووڵاتی کورد و پەیڕەوی ئایینی یارسان کە سزای سێدارەی لە مانگی گەلاوێژی ئەم ساڵ جێبەجێکرا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان دەستبەسەرکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٢٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، ئەمیرحوسێن حەق‌جویان، ئەندامی بنەماڵە دادخوازەکان و خەڵکی شاری سەحنە لە ئەنجامی هێرشی زیاتر لە ٢٠ ئەندامی سوپای پاسداران دەستبەسەرکرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەستبەسەرکرانی ئەمیرحوسێن حەق‌جویان لە نەهالستان شوێنی کاری ئەم هاووڵاتییە دادخوازە لە کەمەربەندی شاری سەحنە جێبەجێکراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە، ئەمیرحوسێن حەق‌جویان دوای دەستبەسەرکرانی بەتووندوتیژییەوە، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە هیچ زانیاریەکی ورد لەسەر شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەست نییە.

ڕەزا ڕەسایی بەندکراوی سیاسی کورد و پەیڕەوی ئایینی یارسان، یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ژن ژیان ئازادی، ڕۆژی سێشەممە ١٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ بە نهێنی لە بەندیخانەی دێزڵئاوای شاری کرماشان لە سێدارە درا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە