سنە، ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکران و نادیاری چارەنووسی ژن و مێردێکی گەنج
هەنگاو، سێشەممە ٣ی ڕەبەزی٢٧٢٤
ژن و مێردێکی گەنج بە ناوی مێهران مەحموودیان خەڵکی سەقز و پەرەستوو ئەحمەدی خەڵکی شاری مەریوان کە هاوکات دووگیانە، سەرەتای بەهاری ئەمساڵ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و تا ئێستاش لە بەندیخانە ڕاگیراون.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مێهران مەحموودیان تەمەن ٣٢ساڵ و خەڵکی سەقز و هەروەها هاوژینە دوو گیانەکەی بە ناوی پەرەستوو ئەحمەدی تەمەن ٢٧ساڵ لە ٥مانگ پێشەوە لە لایەن هێزەکانی ئیدارە ئیتلاعاتەوە لە نزیکی سەقز دەستبەسەر کراون و سەرەڕای دووگیانی پەرەستوو ئەحمەدی، لە ناردنی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان بێبەش کراوە.
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە ئەو ژن و مێردە کە پێشتر بۆ ماوەی چەند ساڵ دانیشتووی هەرێمی کوردستانی عێراق بوون، پێنج مانگ پێش لە کاتی ڕۆیشتن بۆ تورکیا لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون و تا ئێستاش لە مافی هەبوونی پارێزەر بێ بەش کراون.
مێهران مەحموودیان ئێستا لە بەندی سیاسی بەندیخانە ناوەندی سنە و پەرەستوو ئەحمەدی لە بەندی ژنانی ئەم بەندیخانەدایە، کە لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە ‘ناوەندی چاکسازی و پەروەردە’ ناوی لێدەبرێت.