ڕاپۆرتێک لەسەر گواستنەوەی درەخشان ڕەحیمی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە

هەنگاو؛ پێنجشەممە ۳ی ڕەزبەری ۲۷۲۵
درەخشان ڕەحیمی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری سنە دوای سێ مانگ دەستبەسەربوون و لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپا، بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترایەوە. ناوبراو لە ڕەوتی شەڕی ۱۲ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە دەستبەسەر کرابوو و لەو ماوەیەدا، لە مافی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و بنەماڵەکەی زانیارییەکیان لەسەر چارەنووسی ناوبراو نەبووە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ۲۹ی خەرمانانی ۲۷۲۵ (۱۹ی سێپتەمبەری ۲۰۲۵)، درەخشان ڕەحیمی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سنە دوای سێ مانگ دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپا بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواستراوەتەوە. ئەو هاووڵاتییە لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە «هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل» تۆمەتبار کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەربوونی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپا تا ئێستا لە سەرەکیترین مافەکانی خۆی وەکوو مافی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەدا بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە درەخشان ڕەحیمی دوای گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە لە ژووری تاکەکەسیی ئەو بەندیخانەیە ڕاگیراوە و تا ئێستاش لە مافی پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەشە.
درەخشان ڕەحیمی لەگەڵ دوو برای لە ڕەوتی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا لە سنە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستاش زانیارییەک لەسەر چارەنووسی دوو براکەی لەبەر دەستدا نییە.