دەستبەسەرکرانی دووبارەی هاووڵاتییەکی کورد لە سایین قەڵا

١٢ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٦:٣١

هەنگاو؛ دووشەممە ١٢ی خەرمانانی ٢٧٢٤

هاووڵاتییەکی کورد و خەڵکی سایین قەڵا، بە ناوی ناسر مورادی، بۆ جاری دووەم لە ماوەی ئەم ساڵدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٠ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٣١ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، ناسر مورادی، خەڵکی گوندی قۆزلووی هەوشار سەر بە سایین قەڵا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی دەستبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی ناسر مورادی، دەستبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری بووە و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

ناسر مورادی، سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی گوڵانی ٢٧٢٤ (٩ی مەی ٢٠٢٤)، لە گوندەکەی خۆی دەستبەسەر کرابوو.

دەستبەسەرکردنی پێشووی ناسر مورادی لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمی نەورۆزی ٢٧٢٤ لە کوردستان بوو و دوای ماوەیەک، لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە