دەستبەسەرکرانی سێ ئەندامی بنەماڵەیەک لە بۆکان

٤ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ٢٢:١٣

هەنگاو؛ چوارشەممە ٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

سروە شیری و براکەی بە ناوی پەیمان شیری هەروەها ئامۆزاکەیان بە ناوی فەردین شیری لە گوندی تەرەغەی بۆکان لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە بۆکان بە هێرشکردن بۆ سەر گوندی تەرەغە، سێ ئەندامی بنەماڵەیەکیان بە ناوەکانی سروە شیری تەمەن ٢٢ ساڵ، براکەی پەیمان شیری تەمەن ١٩ ساڵ و ئامۆزاکەیان فەردین شیری دەستبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری ئەم سێ هاووڵاتییە کوردەیان دەستبەسەر کردووە و دواتر بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە ئورمیە گواستراونەتەوە.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە سەپێندراوەکان بۆ سەر ناوبراوان و هەروەها شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە