جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان

٥ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٢:٠٣

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی جەهانبەخش مەحموودی، کە پێشتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی جەهانبەخش مەحموودی خەڵکی شاری بێستوون سەر بە پارێزگای کرماشان، لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان (بەندیخانەی دیزڵئاوا) جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، ئەو بەندکراوە دوو ساڵ پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە