مەهاباد؛ سەپاندنی سزای شەش مانگ بەندکران بەسەر محەممەدڕەزا قەیتەرانی لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی"

٥ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٣:٢٣

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

محەممەدڕەزا قەیتەرانی، خەڵکی مەهاباد و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لەو شارە لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا، محەممەدڕەزا قەیتەرانی، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "دووستی" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" سزای شەش مانگ بەندکران بە هەژمارهێنانی ڕۆژانی پێشووی دەستبەسەرکرانی بەسەردا سەپێندراوە و ئەو سزایەی ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٢٤ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤) پێ ڕاگەیەندراوە.

محەممەدڕەزا قەیتەرانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی پووشپەڕی ئەمساڵ لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی، بە بەکارهێنانی توندوتیژی و بێ‌نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کرابوو.

شایانی باسە کە، بڕیاری دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ١ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٢٢ی جولای ٢٠٢٤) لە یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی فەرمانگەی ئیتلاعاتی ئورمیە بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ درێژ کرایەوە. ناوبراو لە ئاکامدا لە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژ بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی مەهاباد ئازاد کرابوو.

محەممەدڕەزا قەیتەرانی پێشتر لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لە ڕێکەوتی ١ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٢٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) لە گۆڕەپانی ئیستقلالی مەهاباد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دوای سێ مانگ بە دانانی بارمتە لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە