ڕاپۆرتێک لەسەر دوایین بارودۆخی ڕەفیق سەلیمی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە

٥ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٨:٠٧

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٥ی ڕەزبەی ٢٧٢٤

ڕەفیق سەلیمی، چالاکی کرێکاری کورد و لەدەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی «ژن ژیان ئازادی» کە لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ڕاگیراوە لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «موحارەبە» سزای دە ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕابردوودا، سزای ١٠ ساڵ بەندکران بەسەر ڕەفیق سەلیمی، چالاکی کرێکاری خەڵکی سنە سەپێندراوە کە لە دوای ملکەچبوونی ناوبراو بە بڕیاری دادوەر، سزاکەی بۆ ٩ ساڵ کەم کراوەتەوە. ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و بەندیخانەی سنە لە مافی مەرەخەسی و پێڕاگەیشتنی پزیشکی بێبەش بووە، ئەمە لە حاڵێکدایە ڕەفیق سەلیمی چەندین نەخۆشی هەیە.

ئەم چالاکە کرێکارییە لە ماوەی زیاتر لە ٥٠ ڕۆژ دەستبەسەرکرانیدا لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە لە ژێر توندترین ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحی دا بووە و سەرەڕایی ئەم ئەشکەنجانە، شان و گوێی تووشی کێشە و برین بوون و هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی لە بەندیخانە نەدراوە.

دانیشتنی دادگای ڕەفیق سەلیمی ٢٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانس بەڕێوە چووە و ١٥ ڕۆژ دواتر دانیشتنی دووەمی دادگایی کردنی بەڕێوە چووە، پێشتریش لە ڕێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوە ٢٧٢٣ لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی سنە بە دادوەری تەقی زادە بە تۆمەتی «دانانی گرووپی نایاسایی» و «هەوڵدان دژی ئەمنیەتی گشتی» و "فساد فی الارض» تۆمەتبار کراوە.

ئەم هاووڵاتییە، ڕۆژی دووشەممە ٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ لەگەڵ کوڕەکەی فواد سەلیمی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شوێنی کاری کوڕەکەی دەستبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گوازراوەتەوە لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و دیتنی بنەماڵەکەی نەبووە.

لە کۆتاییدا ڕەفیق سەلیمی ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانبار لە دوای زیاتر لە ٥٠ ڕۆژ دەستبەسەری لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە بۆ بەندیخانەی ناوەندی سنە گوازرایەوە.

فواد سەلیمی ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی بەفرانباری هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی بە شێوەی کاتی و تا کۆتایی دانیشتنی دادگا لە بەندیخانەی ناوەندی سنە ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە