بۆکان؛ دژایەتیی داواکاری گشتی لەسەر بێبەریکرانی ئەفسانە شاهی سەرەڕای نەسەلماندنی تۆمەتەکانی ناوبراو

٦ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ٢١:٥٠

هەنگاو؛ هەینی ٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

سەرەڕای نەسەلماندنی تۆمەتەکانی ئەفسانە شاهی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان، و بێبەریکرانی لە لایەن دادوەرەوە، لە دوای ناڕەزایەتیی داواکاری گشتی بە بێبەریکرانی ناوبراو، دۆسیەکەی بۆ دادگای پێداچوونەوەی ئورمیە ناردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەفسانە شاهی، شاخەوانی تەمەن ٣٢ ساڵی خەڵکی بۆکان کە بە "چالاکیی تەبلیغی دژ بە حکومەت" تۆمەتبار کرابوو، دوای بێبەریکرانی لە لایەن دادوەری دادگای تاوانەکانی بۆکان بەهۆی نەسەلماندنی تۆمەتەکانییەوە، لە دوای ناڕەزایەتیی داواکاری گشتی لەسەر بێبەریکرانی ناوبراو دۆسیەکەی بۆ لقی ٢٣ی دادگای پێداچوونەوەی ئورمیە گەڕێندراوەتەوە.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە ئەفسانە شاهی تا ڕێکەوتی ١١ی ڕەزبەر دەبێت لە لقی ٢٣ی دادگای پێداچوونەوەی ئورمیە ئامادە بێت.

ئەفسانە شاهی ئێوارەی پێنجشەممە ١٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (٣٠ی مەی ٢٠٢٤) لە ئەنجامی هێرشی چەکدارانەی هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی و بە گرتنی چەک لەسەر ئەو کەسانەی لە ماڵەکەیاندا بوون دەستبەسەر کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە بۆ ماوەی ٢٣ ڕۆژ لە بەندی تاکەکەسیی بەندیخانەی ئورمیە دەستبەسەر بوو و لە ئاکامدا ٢ی گەلاوێژ بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ ملیۆن تمەنی و هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە