بەندیخانەی ناوەندیی سنە؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دوایین دۆخی مەحموود سادقی

٨ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٣:٥٦

هەنگاو؛ یەکشەممە ٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

مەحموود سادقی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی کامیاران و برای هاوژینی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسیی کورد کە ٢٨ی سەرماوەزی ٢٧٢١ سزای سێدارەکەی جێبەجێ کرا؛ پاش تێپەڕبوونی نزیک بە ٨ مانگ بەندکران هەروا لە مافە سەرەتاییەکانی خۆی لە بەندیخانە بێبەشە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مەحموود سادقی، بەندکراوی سیاسیی کورد ٢٩٠٥ ڕۆژی لە بەندکرانەکەی تێپەڕ کردووە و دۆخی دۆسیەکەی بە دەستێوەردانی ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروا نادیارە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە حاڵێکدا تەنیا سێ هەفتە ماوە تا کۆتایی هەشتەمین ساڵی دەستبەسەرکرانی مەحموود سادقی، بە هۆی یەکنەگرتنی بەئەنقەستی دوو سزای بەندکران، تا ئێستا ئازادکردنی ناوبراو ناڕوونە.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، مەحموود سادقی، چەندین جار داوای گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی کامیاران کردووە بەڵام بەهۆی کۆسپ دروستکردنی ناوەندە ئەمنییەکان لە ڕێگای بەرپرسانی بەندیخانە ئەم مافە سەرەتاییەی لێ زەوت کراوە.

ناوبراو سەرەتای مانگی ڕەشەممەی ٢٧١٩، لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بۆ تۆمەتی "بەشداری لە بەغی" سزای ٢٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

مەحموود سادقی لە ڕەزبەری ٢٧١٩، بۆ تۆمەتی "بەشداریکردنی لە کوشتن و هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" لە لایەن لقی ١ی دادگای تاوانەکانی یەکی پارێزگای سنە سزای ٣٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی ٢٥ی ڕەزبەری ٢٧١٦ (١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦ی، لەگەڵ هاوسەری خوشکەکەی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسیی کورد کە لە سێدارە دراوە، لە ماڵی بنەماڵەیی خۆی دەستبەسەر کرا.

مەحموود سادقی دوای دەستبەسەرکرانی بۆ ماوەی سێ مانگ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە ژێر گوشاری دەروونی و جەستەیی بوو و لە کۆتاییدا بۆ بەندیخانەی کامیاران گواسترایەوە. ناوبراو دوای ٥ مانگ، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترایەوە و هەروەها لەم بەندیخانەیە دایە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە