ڕێگری لە مەرەخەسیی مەحموود سادقی، بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەرەبەرەی دەیەمین ساڵی بەندکرانی ناوبراو

٢١ ڕەزبەر ٢٧٢٥، ٢٣:١٣

هەنگاو؛ دووشەممە ۲۱ی ڕەزبەری ۲۷۲۵

مەحموود سادقی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری کامێران و ژن‌برای حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسیی لەسێدارەدراو، تا ئێستاش و لەحاڵێکدا کە چەند ڕۆژ تا نۆیەمین ساڵی بەندکرانی ماوە؛ لە وەرگرتنی مافی مەرەخەسی بێبەش کراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مەحموود سادقی، بەندکراوی سیاسیی کوردی بەندیخانەی ناوەندیی سنە، ماوەی ۸ ساڵ و ۱۱ مانگ و ۲۶ ڕۆژی ڕابردووی لە بەندیخانە و بەبێ وەرگرتنی مەرەخەسی تێپەڕ کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی مەحموود سادقی، ئەو بەندکراوە سیاسییە بەهۆی گوشاری بەردەوام و ناڕوونی چارەنووسی، باری دەروونیی نالەبارە.

ئەو سەرچاوە هەروەها ڕایگەیاند کە ساڵی ڕابردوو بارمتەی سەد ملیار تمەنی بە مەبەستی پێدانی مەرەخەسی بە مەحموود سادقی دیاری کرابوو؛ بەڵام ئەو بڕیارەش بە یەکگرتنی دوو دۆسیەی ناوبراو مەرجدار کرا و تا ئێستا پێدانی مەرەخەسی بە ئەو بەندکراوە سیاسییە ناڕوونە.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە مەحموود سادقی، چەندین جار داوای گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی کامێران کردووە بەڵام بەهۆی کۆسپ دروستکردنی ناوەندە ئەمنییەکان لە ڕێگای بەرپرسانی بەندیخانە لەو مافە سەرەتاییە بێبەش بووە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە سەرەتای مانگی ڕەشەممەی ٢٧١٩، لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی "بەشداری لە بەغی" سزای ٢٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو. مەحموود سادقی ڕەزبەری ٢٧١٩، بە تۆمەتی "بەشداریکردنی لە کوشتن و هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" لە لایەن لقی ١ی دادگای تاوانەکانی یەکی پارێزگای سنە سزای ٣٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی ٢٥ی ڕەزبەری ٢٧١٦ (١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦)، لەگەڵ هاوژینی خوشکەکەی، حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسیی کوردی لەسێدارەدراو، لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کرا. ناوبراو دوای دەستبەسەرکرانی بۆ ماوەی سێ مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە ژێر گوشاری دەروونی و جەستەیی داندرا و لە ئاکامدا بۆ بەندیخانەی کامێران گواسترایەوە. ناوبراو دوای ٥ مانگ، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترایەوە و تا ئێستا لەو بەندیخانە ڕاگیراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە