مەهاباد، دەستبەسەرکران و نادیاری چارەنووسی دوو کادیری دەرمانی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

٩ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ٢٣:١٦

هەنگاو، دووشەممە ٩ی ڕەبەزی ٢٧٢٤

دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی تاهیر ئاریا و سەید کەماڵ ئاهمەند کە لە کادیرانی بەشی فریاکەوتنی خێرای ئەو شارەن لە حەوتووی ڕابردووەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەبەزی ٢٧٢٤ (٢٤ی سێپتەمبەری٢٠٢٤)، تاهیر ئاریا تەمەن ٤٧ساڵ و بەڕێوەبەری یەکەی ١١٥ی مەهاباد (فریاکەوتنی خێرا) و سەید کەماڵ ئاهمەند، تەمەن ٣٥ساڵ و لە کادیرانی هەمان یەکە، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی مەهابادەوە دەستبەسەر بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک حەوتوو لە کاتی دەستبەسەرکرانی ئەم دوو هاووڵاتییە هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشیان بۆ زانینی بارودۆخ و چارەنووسیان بێ ئاکام ماوەتەوە.

تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە هەڵبەستراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتیی کوردە لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە