مەهاباد؛ دەستبەسەرکرانی کەریم ڕەسووڵی، ئەندامی شوورای ئاوایی «ئیندرقاش» لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە
٣٠ گەلاوێژ ٢٧٢٦، ١١:٤١
هەنگاو؛ هەینی ۳۰ی گەلاوێژی ۲۷۲۶
هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی کەریم ڕەسووڵی، خەڵکی ئاوایی «ئیندرقاش»ی سەر بە مەهاباد، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لەم شارەدا دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ۲۷ی گەلاوێژی ۲۷۲۶ (۱۸ی ئاگۆستی ۲۰۲۶)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری کەریم ڕەسووڵییان لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری مەهاباد دەستبەسەر کردووە.
جێگای ئاماژەیە کە، کەریم ڕەسووڵی ئەندامی شوورای ئاوایی «ئیندرقاش»ی سەر بە ناوچەی شاروێڕانی شاری مەهابادە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، تۆمەتە پاڵدراوەکان و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
سەرچاوە: Hengaw