ئاشکرابوونی ناسنامەی کەسێکی دیکە لە حەوت بەندکراوی لەسێدارەدراوی بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج

١٣ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٠:٤٧

هەنگاو؛ هەینی ١٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

سزای سێدارەی بەندکراوێکی کوردی خەڵکی قوروە بە ناوی مەولوود خالیدیان کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کراوە. هاوکات لەگەڵ ئەو بەندکراوە سزای سێدارەی ٦ بەندکراوی دیکەش لەو بەندیخانەیەدا جێبەجێ کرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی مەولوود خالیدیان، خەڵکی قوروە لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مەولوود خالیدیان نزیکەی ٤ ساڵ پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" لە تاران دەستبەسەر کرا و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

مەولوود خالیدیان خێزاندار و باوکی منداڵێک و خەڵکی گوندی قاملووی سەر بە شاری قوروە بوو.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە ڕۆژی چوارشەممە لانی کەم ٧ بەندکراو بریتی لە دوو بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان و یەک ژن لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە دراون. بە ئاشکرابوونی ناسنامەی ئەو بەندکراوە تا ئێستا ناسنامەی چوار کەس بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە. بۆ ناسنامەی دوو بەندکراوی ئەفغانستانی و یەک ژن کە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی هاوژینەکەی لەسێدارە دراوە و تا ئێستا ناسنامەیان نادیارە بەدواداچوون دەکرێت.

هەواڵی لەسێدارەدرانی پێنج کەس لەو حەوت بەندکراوە لەسێدارەدراوە لە میدیا حکومەتییەکان بڵاو کراوەتەوە و هەواڵی لەسێدارەدانی دوو کەسیان کە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لەسێدارە دراون بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە