جێبەجێکردنی سزای سێدارەی کوروش کەیوانی بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل"
هەنگاو: چوارشەممە ٢٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥
هاوکات لەگەڵ دەستپێکی نۆزدەهەمین ڕۆژی شەڕی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، سزای سێدارەی بەندکراوێکی سیاسی بە ناوی کوروش کەیوانی کە بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" بە سێدارە مەحکووم کرابوو، لە یەکێک لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جێبەجێ کرا. ئەم بەندکراوە لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەی پێشووی ئیسرائیل و ئێران دەستبەسەر کرابوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥ (١٨ی مارسی ٢٠٢٦)، سزای سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی کوروش کەیوانی، خەڵکی ساوجبلاغی پارێزگای ئەلبۆرز، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا. جێبەجێکردنی ئەم سزایە لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکان لە پەرەسەندنی شەپۆلی سێدارەکان بەهۆی تێکهەڵچوونە سەربازییەکانی ناوچەکە، ڕووی لە زیادبوون کردووە.
ئاژانسی هەواڵی "میزان"، میدیای فەرمیی دەزگای دادوەریی ئێران، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم هاووڵاتییە، هیچ زانیارییەکی تری لەسەر وردەکاریی دۆسیەکە، شوێنی وردی جێبەجێکردنی سزا و پڕۆسەی دادگاییکردنەکەی بڵاو نەکردۆتەوە؛ پڕۆسەیەک کە هەمیشە بە ناڕوونی و بێبەشکردنی تۆمەتبار لە مافی هەبوونی پارێزەر بەڕێوە دەچێت.
لە ڕاپۆرتەکەی "میزان"دا هاتووە کە کوروش کەیوانی لە ڕێکەوتی ٢٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ و هاوکات لەگەڵ شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل دەستبەسەر کراوە و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ دەوڵەتی نەیار" سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.
بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی کوروش کەیوانی، لە دەستپێکی شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیلەوە تا ئێستا، لانی کەم ١٨ بەندکراو بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون.
هەنگاو وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵی خۆی، جەخت دەکاتەوە کە حکوومەتی ئێران جارێکی تر دۆخی شەڕ و کەشوهەوای ئەمنیی ناشی لە تێکهەڵچوون لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل وەک دەرفەتێک بۆ بەردەوامبوونی کوشتار و سەرکوتی سیاسی بەکار دەهێنێت. جێبەجێکردنی سزای کوروش کەیوانی دەکرێ ببێتە سەرەتای شەپۆلێکی نوێی لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی و تۆمەتبارانی ئەمنی لە ڕۆژانی کۆتاییی ساڵدا.