جێبەجێکرانی سزای سێدارەی مەهسا ئەکبەری لە بەندیخانەی ناوەندیی شیراز

هەنگاو؛ چوارشەممە ۲۹ی گەلاوێژی ۲۷۲۵
سزای سێدارەی بەندکراوێکی ژن بەناوی مەهسا ئەکبەری کە پێشتر لە دۆسیەیەکی هاوبەش لەگەڵ هاوژینەکەی، سەجاد مەولایی هەکانی بە تۆمەتی «کوشتنی بە ئەنقەست» سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی شیراز جێبەجێ کرا. هەنگاو ڕۆژی ڕابردوو هەواڵی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی سەجاد مەولایی هەکانی لە پێش چاوانی خەڵک لە شاری لارستان ڕاگەیاندبوو.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ۲۹ی گەلاوێژی ۲۷۲۵ (۲۰ی ئاگۆستی ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی ژن بەناوی مەهسا ئەکبەری، تۆمەتباری خەڵکی بەیرەمی لارستان سەر بە پارێزگای فارس لە بەندیخانەی عادڵئاوای شیراز جێبەجێ کرا.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ماڵپەرە نێوخۆییەکانی ئێران، مەهسا ئەکبەری، تۆمەتباری دووەمی دۆسیەی تاوانێک بووە کە ساڵی ڕابردوو لە بەیرەمی سەر بە شاری لارستان ڕوویداوە. ناوبراو بە هاودەستی هاوژینەکەی خۆی دایکێک و سێ منداڵەکەیان بەهۆی دزییەوە کوشتبوو و دوای دەستبەسەرکرانی بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە کراوە کە پاش کوشتنی ئەو چوار کەسە، تۆمەتباران منداڵی چوارەمی بنەماڵەکەشیان ڕفاندبوو کە لە کاتی ئەنجامی تاوانەکەدا دەستبەسەر کران.
شایەنی باسە کە سزای سێدارەی سەجاد مەولایی هەکانی، هاوژینی مەهسا ئەکبەری و تۆمەتباری دیکەی ئەو دۆسیە، ڕۆژی ڕابردوو لە پێش چاوی خەڵک جێبەجێ کرا.