دادگای پێداچوونەوە؛ کەمکردنەوەی سزای ژینا مودەڕەس گورجی بۆ دوو ساڵ و چوار مانگ بەندکران

١٤ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٤:٥٠

هەنگاو؛ شەممە ١٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

ژینا مودەڕەس گورجی، ڕۆژنامەوان و چالاکیی ناسراوی مافەکانی ژنان لە کوردستان و خەڵکی شاری سنە، کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دوو جار دەستبەسەر و بە کۆی گشتی سزای ٢١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، بە حوکمی دادگای پێداچوونەوە سزای بەندکرانەکەی بۆ ٢ ساڵ و ٤ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا ژینا مودەڕەس گورجی ڕۆژنامەوان و چالاکی مافی ژنان بە بڕیاری لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کوردستان (سنە) بە تۆمەتەکانی وەکوو پێکهێنانی دەستە و گرووپی نایاسایی بە ئامانجی ڕووخانی حکوومەت سزای ١٦ مانگ بەندکران وپڕوپاگەندە دژی حکوومەت یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە ئەم چالاکی مافی ژنانە لە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ گرووپەکان و وڵاتانی دوژمن بێبەریکراوە و سزای دوورخرانەوەی ناوبراو بۆ بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدان هەڵوەشێدنرایەوە و سزاکەی کە ١٦ مانگ بەندکرانە لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە بەسەر دەبات.

ناوباو پێشتر بە کۆی گشتی سزای ٢١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە دەبوو ١٠ ساڵی جێبەجێ بکرێت، سەبارەت بەو حوکمەی کە لە لایەن دادگای شۆڕشی سنە درابوو ناڕەزایەتی دەربڕی و دۆسیەکەی لە لایەن هەر یەک لە پارێزەران ساڵح نیکبەخت و تاهیر (شۆڕش) تەوحیدی بەئەستۆ گیردرابوو.

ژینا مودەڕەس گورجی پێشتر لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر کەرەمی بە تۆمەتی پێکهێنانی لایەن و گرووپی نایاسایی بە مەبەستی ڕووخانی حکوومەت بە ١٠ ساڵ سزای بەندکران، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ گرووپەکان و وڵاتانی دوژمن بە ١٠ ساڵ سزای بەندکران و بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی حکوومەت بە ١ ساڵ سزای بەندکران و دوورخرانەوەی بۆ بەندیخانەی ئەلوەندی هەمەدان مەحکوم کرابوو.

دوایین دانیشتنی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم چالاکە کوردە کە لە ڕێکەوتی ٢١ی خاکەلێوەی ئەمساڵ بەڕێوە چوو و حوکمی دەرچوو ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی جۆزەردان بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیێندرابوو.

هەنگاو پێشتر ڕایەگەیاندبوو کە، ئەو تۆمەتانە دروانەتە پاڵ ژینا مودەڕەس گورجی "دامەزراندنی ڕێکخراوی ژیوانۆ بە ئایدۆلۆژی فێمێنیستی بە ئامانجی ڕووخانی حکوومەت"، "بەشداری ئامانجدار لە کۆبوونەوەکان و دەربڕینی دروشمی تێکدەرانە، پەیوەندیگرتن لەگەڵ دژبەرانی شۆڕش"، "بەشداری لە کۆنفڕانسەکان و کارگەکانی پەروەردەیی نێونەتەوەیی"، "بڵاوکردنەوەی بابەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چاوپێکەوتن لەگەڵ میدیا بیانییەکان بە مەبەستی خراپ نیشاندانی دۆخی وڵات" و "ئالۆزکردنی کەشی کۆمەڵگا لە کاتێکی هەستیاردا" دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی بوون.

دادگای شۆڕشی ئیسلامی هەروەها بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی ناڕاستییەکان و هاندانی خەڵک بۆ کردەوەی توندوتیژی"، دادگای تاوانەکانی بە بەرپرسیاری پێڕاگەیشتنی دۆسیەکەی ناساند و دۆسیەکەی بۆ دادگای تاوانەکانی ٢ی سنە ناردووە.

ژینا مودەڕەس گورجی ڕۆژی سێشەممە ١٩ی گوڵانی ٢٧٢٣، دوای یەک مانگ لە ژووری تاکەکەسیی ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە، بۆ بەندی گشتی گواسترایەوە. ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣، لە کاتی گەڕانەوە و لە ڕێگەی کتێبفرۆشیی شوێنی کارەکەی بۆ ماڵی خۆیان، لەلایەن هێزەکانی فەرمانگەی ئیتلاعاتی سنەوە دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٢ی پووشپەڕی ئەو ساڵە دوای ٨٤ ڕۆژ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتەی قورسی پێنج میلیاردی بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرابوو.

ئەم چالاکی مافی ژنانە ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢٢، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە دەستبەسەر کرا. ناوبراو دوای ٤٠ ڕۆژ دەستبەسەرکرانی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی سنە لە ٨ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆنی بە شێوەیەکی کاتی و تا کۆتایی قۆناغەکانی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە