جێبەجێکرانی نهێنیی سزای سێدارەی بەندکراوێکی بەلووچ لە بەندیخانەی بەم

١٥ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٥:٥٠

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

سزای سێدارەی بەندکراوێکی بەلووچ بە ناوی حەبیبوڵڵا محەممەدزەهی، کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، بێ ئاگاداریی بنەماڵەکەی و بەشێوەی نهێنی لە بەندیخانەی ناوەندیی بەم جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی بەلووچ بەناوی حەبیبوڵڵا محەممەدزەهی، تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی شاری میرجاوە سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە بەندیخانەی ناوەندیی بەم سەر بە پارێزگای کرمان جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەندکراوە بەلووچە ڕۆژی هەینی بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدرانەکەی بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابۆوە و بێ ئاگاداریی بنەماڵەکەی و مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵیان سزاکەی جێبەجێ کراوە.

حەبیبوڵڵا محەممەدزەهی سێ ساڵ پێشتر دەستبەسەر کرابوو و بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوە هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە