ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ژنێکی قوربانی منداڵ هاوسەری لە بەندیخانەی ئەهەر

١٥ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٩:٠٨

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

سزای سێدارەی بەندکراوێکی ژن، بە نێو ئەختەر قوربانلو، کە پێشتریش لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆمەتی (کوشتنی بە ئەنقەست) سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەهەر جێبەجێ کرا. ئەو ژنە کە لە قوربانییەکانی منداڵ هاوسەری بووە، بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی هاوژینەکەی دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی ئەختەر قوربانلو، ژنی قوربانی منداڵ هاوسەری و و هاوسەرگیری زۆرەملێ بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی هاوژینەکەی، لە بەندیخانەی ناوەندی ئەهەر سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەندکراوە لە تەمەنی ١٧ساڵی و بە زۆری بنەماڵەکەی هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێک کردووە کە ١٨ساڵ لە خۆی گەورەتر بووە. ناوبراو لە کۆتاییدا بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی هاوژینەکەی لەرێگای دەرمانداوکردن بە حەب، لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.

تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە لە میدیاکانی حکومەت و بەتایبەتی میدیاکانی پەیوەندیدار بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە ڕانەگەیەندراوە.

دیاردەی هاوسەرگیری منداڵان بووەتە ژیانێکی ڕۆژانەی یاسایی لە ئێراندا کە لە لایەن ناوەندی پڕوپاگەندای کۆماری‌ئیسلامییەوە بەرەو پێش دەچێت، کە هەر جۆرە پەیوەندییەک ی سێکسی و سۆزداری لە نێوان گەورەساڵان و منداڵان لە وڵاتانی دێموکڕات و بەپێی پێوەرەکانی مافی مرۆڤی بە تاوانێکی گەورە دادەنرێ و لەگەڵ سزایەکی قورس ڕووبەڕوو دەبنەوە. بە پێی یاسای گوێڕایەڵی لە شەریعەتی پەیوەندیدار لەگەڵ بنەماڵە، خزمەتگوزاری سێکسی بۆ مێرد وەکوو یەکێک لە ئەرکەکانی ژن ناسراوە. ئەوە بەو مانایەیە کە دەستدرێژی بە ژنان و منداڵان لە چوارچێوەی (هاوسەرگیری شەرعی) لە ئێراندا لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا یاساییە و پەرەی پێدەدرێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە