هەڕەشەکردن لە چالاکانی ئیلام هاوکات لەگەڵ هەڵگیرساندنی گرژییە ناوچییەکان لەلایەن حکوومەتەوە

١٦ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١١:٥١

هەنگاو؛ دووشەممە، ١٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییی ئێران، هاوکات لەگەڵ هەڵگیرساندنی گرژییە ناوچەیییەکان هەڕەشەیان لە ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکانی مەدەنی لە پارێزگای ئیلام کردووە و لە ئەگەری ئەنجامی جۆرە چالاکییەک لەم ماوەیەدا هۆشدارییان داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی، فەرهەنگی و ژینگەپارێزی کورد لە پارێزگای ئیلام و زیاتر لە ٢٠ کەسیان بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێیان کردووە.

بە پێی سەرچاوە ئاگادارەکان، بەشێک لەو چالاکانە کە زۆربەیان لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"ن، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ئەگەری ئەنجامی هەر چالاکییەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڕەشەیان لێ کراوە.

ئەم سەرچاوانە ئەوەشیان زیاد کردووە کە لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا ئەم گوشارانە زۆرتر لە شارەکانی پارێزگای ئیلام و بە تایبەت دوو شاری دێڵۆڕان و ئاودانان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.

بە وتەی بەشێک لەو چالاکانە، ئەم جۆرە ڕێوشوێنانە، هاوتەریب لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی کۆماری ئیسلامییی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نیشانەی ترسی جددی حکوومەت لە ئەگەری ڕاپەڕین و ناڕەزایەتیی جەماوەری لە دژی شەڕخوازی حکوومەتە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە