ئاودانان؛ ناسر هیمەتی، شاعیر و نووسەری کورد بە "سب النبی" تۆمەتبار کرا
هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
ناسر هیمەتی، پزیشکی دەروونی، نووسەر، شاعیر و چالاکی مەدەنیی کورد و خەڵکی شاری ئاودانانی سەر بە پارێزگای ئیلام، دوای بانگکران و ڕۆیشتن بۆ خانەی دادی گشتی و شۆڕشی ئەو شارە دەستبەسەر کرا و بە دانانی بارمتە هەتا کاتی بەڕێوەچوونی دادگاکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا. ناوبراو لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە چەند تۆمەتی وەکوو "سب النبی"، "چالاکیی تەبلیغی بەمەبەستی پشتڕاستکردنەوە و سەقامگیریی ڕژێمی زایۆنیستی" دراوەتە پاڵ کە دەتوانێت سەپاندنی سزای قورسی بۆ ناوبراو بەدواوە بێت.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا، ناسر هیمەتی، پزیشکی دەروونی، نووسەر و شاعیری دانیشتووی ئاودانان بە تۆمەتی"سب النبی"، "سووکایەتیکردن بە خامنەیی"، "بڵاوکردنەوەی ناڕاستییەکان لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان"، "چالاکیی تەبلیغی دژ بە حکومەت" و "چالاکیی تەبلیغی بەمەبەستی پشتڕاستکردنەوە و سەقامگیرکردنی ڕژێمی زایۆنیستی" بانگ کراوەتە لقی یەکی لێپرسینەوەی خانەی دادی گشتی و شۆڕشی شاری ئاودانان و دوای دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کراوە.
شایانی باسە کە، ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی چالاکییەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڕەشە و لێپرسینەوەی لێکراوەتەوە و بانگکرانی دووبارەی ناوبراو بەو تۆمەتانەی ناو بردراون لەحاڵێکدایە کە لە ساڵی ٢٧٢١ تا ئێستا هیچ چەشنە چالاکییەکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکسدا نەبووە.
ناسر هیمەتی ساڵی ٢٧١٩ بەهۆی بڵاوکردنەوەی زنجیرە باسێک لە تویتەر (ئیکس) بەنیشانەی پاڵپشتی لە خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەر و بەمەبەستی بانگهێشتی خەڵک بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی پێنجی بەفرانباری ئەو ساڵە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.
هەروەها ١٩ی گەلاوێژی ٢٧٢١ بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە خامنەیی" لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسفەهان سزای دوو ساڵ بەندکران، و لە کاتی تێپەڕکردنی ئەو سزایە بەهۆی دۆسیەیەکی نوێ بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت" سزای یەک ساڵ بەندکرانی دیکەی بەسەردا سەپێندرا.
ناسر هیمەتی وەرگێڕی چەند کتێب لە بواری دەروونپزیشکی و نووسەری کتێبێک بە ناوی «یادنامەکانی بەندیخانە» بریتی لە ١٠٣ ڕۆژنووس لە بەندیخانەی دەستگردی ئیسفەهان و پارچە مانگ لە ساڵی ٢٧٢١دایە کە لە دەرەوەی ئێران لە لایەن وەشانخانەی ڕووناکەوە بڵاو کراونەتەوە.