ئیلام؛ بانگکران و هەڕەشە لە حەسەن باقری برای ژاکان باران

٢١ جۆزەردان ٢٧٢٤، ٢٠:٥٥

هەنگاو؛ دووشەممە ٢١ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

حەسەن باقری، برای حوسێن باقری (ژاکان باران)، بۆ دادگای ئیلام بانگ کراوە و لێپرسینەوە و هەڕەشەی لێکراوە. ئەم بانگکرانە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی براکەی واتە ژاکان باران کە یەکێک لە هاوکارانی هەنگاوە، لە بەردەستدا نییە و ئەگەری بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی نابراو لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە بەرزترین ئاستدایە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (٩ی ژوئەنی ٢٠٢٤)، حەسەن باقری تەمەن ٤١ ساڵ بۆ دادگای ئیلام بانگکراوە و دوای سێ کاتژمێر لێپرسینەوە و پێڕاگەیاندنی تاوانی " هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی" بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی باقری، لە دادگای ئیلام سەبارەت بە پێداچوونەوە لەسەر چارەنووسی براکەی و چوونە دەرەوەی لە وڵات بەم مەبەستە بە حەسەن باقری هۆشداریان داوە.

چارەنووسی حوسێن باقری ناسراو بە "ژاکان باران"، شاعیر، چالاکی مەدەنی و سیاسی و هاوکاری ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، بە تێپەڕبوونی سێ مانگ و تا ئێستا نادیارە و ئەگەری هەیە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە قوربانی سیاسەتی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی کرابێت.

جێ ئاماژەیە کە حەسەن باقری ڕۆژی سێشەممە ١٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەگەڵ خوشکەکەی فەریبا باقری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە