سەقز؛ ئەیووب جەوانپوور، یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" ئازادی دوای کۆتایی هاتنی مورەخەسی، بۆ خوزستان دوور دەخرێتەوە

١٦ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٥:٤٠

هەنگاو؛ دووشەممە ١٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

ئەیووب جەوانپوور، یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، دوای ساڵێک و سێ مانگ لە بەندکران بە دانانی بارمتە ئازاد کرا و دەبێت لە ماوەی مانگی داهاتوودا بە مەبەستی دەستپێکی یەک ساڵ دوورخستنەوەی زۆرەملێی بۆ شاری باوی لە پارێزگای خوزستان بڕووات.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٢٩ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، ئەیووب جەوانپوور یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری سەقز، پاش تێپەڕبوونی یەک ساڵ و سێ مانگ بەندکران، بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ئازاد کرا.

بەپێی زانیارییەکانی گەیشتوو بە هەنگاو، ئەیووب جەوانپوور دەبێت لە مانگی داهاتوودا بچێتە شاری باوی سەر بە پارێزگای خوزستان و وەک سزای تەواوکەری حوکمەکەی، ماوەی یەک ساڵ مانەوەی زۆرەملێی لەم شارە تێپەڕ بکات.

ئەیووب جەوانپوور تەمەن ٣٩ ساڵ، لە سەردەمی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ڕێکەوتی ٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری سەقز دەستبەسەرکرا و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

ناوبراو لە ٢٠ی جۆزەردانی ساڵی ٢٧٢٣ لەلایەن هێزەکانی فەرمانگەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ماڵی بنەماڵەکەی لە سەقز دەستبەسەرکرا و بۆ دەستبەسەرگەی شەهرامفەر لە شاری سنە گواسترایەوە. دەستبەسەرکردنی ناوبراو بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری و لەگەڵ توندوتیژییەوە بووە، ئەیووب جەوانپوور دوای تێپەڕینی ٣٢ ڕۆژ لە بەندی تاکەکەسیدا بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

لە ٣١ی گەلاوێژی ساڵی ٢٧٢٣ لەلایەن لقی ١٠٥ی دادگای تاوانەکانی سەقز بە دادڕەسی کەیوان جەهانی بە تۆمەتی "بەڕێوەبردنی قەرەباڵغییەکی زیاتر لە دوو کەسی لە نێوخۆی وڵات بە ئامانجی تێکدانی ئاسایشی وڵات"، "پڕوپاگەندە لە دژی ڕژێم لە ڕێگای دابەزاندنی ئاڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران"، سووکایەتیکردن بە ڕێبەرایەتی" و "سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران" بە ڕیز سزای ١٠ ساڵ، ١ ساڵ، ٢ ساڵ و ٢ ساڵ بەندکران بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، سزای توندی ئەیووب جەوانپوور، واتە ١٠ ساڵ بەندکران، لەم دۆسیەیەدا بۆ ناوبراو جێبەجێ دەکرێت. دواتر ئەم سزایە لە دادگای بەدواداچوونەوە بۆ ٣ ساڵ بەندکران کەمکرایەوە و تا ئێستاش ئەم سزایە جێبەجێ نەکراوە.

هەروەها لە دۆسیەکەی دیکەدا لە مانگی سەرماوەزی ٢٧٢٢، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سەقز بە سەرۆکایەتی جەواد مستەفایی، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕژێم" سزای ساڵێک بەندکران و ١٥ مانگ مانەوەی زۆرەملێی لە شاری باوی سەر بە پارێزگای خوزستان حوکمی دا لە "پڕوپاگەندە دژی ڕژێم" بەسەردا سەپا.

ئەیووب جەوان پوور لە مانگی ڕەزبەری ٢٧١٥ بەهۆی بەشداریکردنی لە گردبوونەوەکانی پشتیوانی لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەستبەسەرکرا و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازادکرا. ناوبراو بە تۆمەتی"تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی" بە غەرامەکردنی یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەن و لێدانی ٥٠ قامچی لە بەردەم خەڵکدا لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامی سەقز سزا درا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە