ڕەتکردنەوەی داوای ئازادیی مەرجداری ماشەڵڵا کەرەمی، لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان

هەنگاو؛ چوارشەممە ۲۲ی گەلاوێژی ۲۷۲۵
داوای ئازادیی مەرجداری ماشەڵڵا کەرەمی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری بیجاڕ، لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان و باوکی محەممەدمەهدی (کۆمار) کەرەمی لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕەت کرایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ۲۰ی گەلاوێژی ۲۷۲۵ (۱۱ی ئاگۆستی ۲۰۲۵)، داوای ئازادیی مەرجداری ماشەڵڵا کەرەمی، بەندکراوی سیاسیی بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج و لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان لە لایەن لقی ۱۲ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئەلبۆرزەوە ڕەت کرایەوە.
پارێزەری ماشەڵڵا کەرەمی پێشتر ڕایگەیاندبوو کە، ئەو بەندکراوە سیاسییە زیاتر لە نیوەی ماوەی سزای بەندکرانەکەی خۆی تێپەڕ کردووە و ئەگەری ئازادیی مەرجداری ناوبراو لە ئارادایە.
ماشەڵڵا کەرەمی پاش قبوڵکردنی داوای کۆکردنەوەی سزاکانی لە لایەن دەزگای دادوەرییەوە سزای ۳ ساڵ و ۷ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ئەو هاووڵاتییە پێشتر لە دوو دۆسیەی جیاوازدا سەرجەم سزای ۵ ساڵ و ۳ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
ئەو بەندکراوە سیاسییە لە ڕێکەوتی ۲ی ڕێبەندانی ۲۷۲۴ لە لایەن لقی ۱۲ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئەلبۆرز بە تۆمەتی "ڕەشکردنەوەی پارە و بەدەستهێنانی سامانی نایاسایی" سزای یەک ساڵ بەندکران و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و ئۆتۆمبێلەکەی بەسەردا سەپێندرا، ناوبراو مانگی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو بە هەمان تۆمەت لە لایەن لقی ۱۰۲ی دادگای تاوانەکانی دووی نەزەرئاباد سزای ۸ ساڵ و ۱۰ مانگ بەندکران، پێبژاردنی بڕی پارەی یەک ملیار و ۹۰۰ ملیۆن تمەن و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و سامانەکەی بەسەردا سەپێندرابوو.
ناوبراو مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو لە بەشێکی دیکەی دۆسیەکەیدا لە لایەن دادگای پێداچوونەوەی ئەلبۆرز بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ" سزای ۳ ساڵ و ۷ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت" سزای ۸ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
شایەنی باسە کە، ماشەڵڵا کەرەمی پێشتر لە ڕێکەوتی ۳۱ی بانەمەڕی ۲۷۲۴ لە لایەن دادگای شۆڕشی کەرەج بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ" سزای ۵ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت" سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
ماشەڵڵا کەرەمی ڕۆژی ۳۱ی گەلاوێژی ۲۷۲۳، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پاش پشکنینی ماڵەکەی و زەوتکرانی مۆبایل و هەندێک کەلوپەلی تایبەتی دیکەی دەستبەسەر کرا و لە ئاکامدا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج گواسترابۆوە.
محەممەدمەهدی (کۆمار) کەرەمی، گەنجی تەمەن ۲۱ ساڵی کوردی خەڵکی شاری بیجاڕ، هاوڕێ لەگەڵ محەممەد حوسێنی تۆمەتباری سەرەکیی دیکەی دۆسیەی "کوشتن"ی ڕووحەڵڵا عەجەمیان، لە ئەندامانی بەسیج، سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو و دوای ئەشکەنجەدرانی سەخت، بەرەبەیانیی ڕۆژی ۱۷ی بەفرانباری ۲۷۲۲ لەسێدارە دران. ئەو دوو گەنجە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەستبەسەر کرابوون.