بێبەشکردنی بێهزاد ڕەسووڵی لە مافی مورەخەسی بە دەستێوەردانی ئیتلاعات و نیگەرانی لە ناجێگیربوونی باری جەستەیی ئەو بەندکراوە

٦ پووشپەڕ ٢٧٢٦، ١٥:٢٤

هەنگاو؛ شەممە ٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٦

سەرباری ڕەزامەندیی داواکاری گشتی و ئیدارەی بەندیخانەی سەقز لەسەر ناردنی بێهزاد ڕەسووڵی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی سەقز بۆ مورەخەسی و دیاریکردنی بارمتەیەکی قورس، ناوبراو هێشتا بە گوشار و دەستێوەردانی ئیدارەی ئیتلاعات لە مافی مورەخەسی بێبەش کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بنەماڵە و پارێزەرانی بێهزاد ڕەسووڵی، بەندکراوی سیاسیی بەندکراو لە بەندیخانەی سەقز، لە ماوەی حەوتووەکانی ڕابردوودا بەدواداچوونیان بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی مۆڵەتی ناوبراو کردووە و تەواوی قۆناغە یاساییەکان، لەوانە دابینکردنی بارمتە ئەنجام دراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز ڕێگری لە جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە کردووە و بە توندی پێشی بە ناردنی ناوبراو بۆ مورەخەسی گرتووە. 

بێهزاد ڕەسووڵی، بەندکراوی سیاسی کە لە مانگەکانی ڕابردوودا بە ٨ ساڵ بەندکران سزا دراوە، پێشتر لە نەڕەزایەتی دەربڕین بە بارودۆخی نادیاری خۆی دەستی دابووە مانگرتن لە خواردن و لە ئەنجامی ئەوەدا تووشی دابەزینی توندی کێش و کێشەی جەستەیی ببوو.

سەرچاوە ئاگادارەکان لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەنگاو ڕایانگەیاندووە، بارودۆخی جەستەیی ئێستای بێهزاد ڕەسووڵی بە جێگای نیگەرانییە و بەردەوامیی بێبەشکردنی لە مۆڵەت و دەستڕاگەیشتن بە چاوەدێریی پزیشکی لە دەرەوەی بەندیخانە، گیانی ناوبراوی ڕووبەڕووی مەترسییەکی جددی کردووەتەوە. ناوبراو بەم دواییانە بۆ ماوەی ٧٠ ڕۆژ دەستی دابووە مانگرتن لە خواردن کە بەهۆیەوە ٣٠ کیلۆ کێشی دابەزیوە و زەختی شەکری خوێنی گەیشتووەتە ٤٥ و ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لای بنەماڵەکەی دروست کردووە.

بێهزاد ڕەسووڵی ڕۆژی شەممە ٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ کاتێک بۆ دیدار لەگەڵ منداڵەکەیدا گەشتی بۆ ئەسفەهان کردبوو، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ناوبراو بۆ ماوەی چەندین حەوتوو لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئەسفەهاندا لەژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەی دەروونیدا بوو و پاشان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز گواسترایەوە.

ناوبراو لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سەقزەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەواد غەفاری بە تۆمەتی «ئەندامێتی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا» بە ٨ ساڵ بەندکرانی تەعزیری مەحکووم کراوە. ئەم حوکمە لە کاتێکدا دەرکرا، کە بێهزاد ڕەسووڵی پاییزی ساڵی ڕابردوو لە ناڕەزایەتی دەربڕین بە بەردەوامیی دەستبەسەرکردنی کاتی، گوشارە ئەمنییەکان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و بێبەشکردنی لە چاوپێکەوتن لەگەڵ منداڵەکەیدا، بۆ ماوەی ٧٠ ڕۆژ لە مانگرتن لە خواردندا ببوو. بارودۆخی جەستەیی ناوبراو لە ماوەی مانگرتنەکەیدا بە توندی ڕووی لە خراپی کردبوو، بە شێوازێک کە بەهۆی دابەزینی توندی کێشییەوە بۆ نەخۆشخانەی «خومەینی»ی سەقز گواسترایەوە، بەڵام تەنانەت لەوێشدا ئامادە نەببوو دەرزیی لێ بدرێت .

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە