ڕاپۆرتێک لەسەر بەردەوامیی دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی محەممەد سۆهرابی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە

٢٣ خەرمانان ٢٧٢٥، ١٨:٢٧

هەنگاو؛ یەکشەممە ۲۳ی خەرمانانی ٢٧٢٥

محەممەد سۆهرابی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری پیرانشار و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» لە ۲۳۷ ڕۆژ پێشەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ڕاگیراوە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە و تۆمەتەکانی ڕوون نەکراونەتەوە. ناوبراو لەو ماوەدا لە ئازادیی کاتی بێبەش بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی ۲۳۷ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی محەممەد سۆهرابی، هاووڵاتیی تەمەن ٣٢ ساڵ و باوکی منداڵێکی چوار ساڵان، تا ئێستا بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەک و بەڕێوەچوونی دانیشتنی ڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ڕاگیراوە و دادگاکەی بەردەوام لە لایەن ناوەندە پەیوەندیدارەکانەوە دوا دەخرێت.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٠ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر کرابوو و دواتر هێزە ئەمنییەکان ماڵەکەیان پشکنیبوو.

ناوبراو دوای لێپرسینەوە بە تۆمەتی ناڕوون بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترایەوە و تا ئێستا لە ئازادیی کاتی بێبەش بووە.

محەممەد سۆهرابی کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیشدا دەستبەسەر کرابوو، پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ١٦ مانگ بەندکران و یەک ساڵ دوورخستنەوەی بەسەردا سەپێندرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە