سنووری پیرانشار؛ گیانلەدەستدانی کۆڵبەرێک بە زەربەی قۆنداغی چەکی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سەری

١٧ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ٠١:٢٠

هەنگاو؛ دووشەممە ١٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

کۆڵبەرێکی گەنجی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوی حوسێن کەماڵنیا لە کاتی کۆڵبەری لە بەرزاییە سنوورییەکانی ئەو شارە (ناوچەی سنووریی دلاوان) بەهۆی لێدانی لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە و زەربەی قۆنداغی چەکی کڵاشینکۆف لە بەشی سەری گیانی لەدەست دا و کەسێکی دیکەش بە ناوی فەردین قەلاش بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە بە سەختی بریندار کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، کۆڵبەرێک بەناوی حوسێن کەماڵنیا، تەمەن ٣٨ ساڵ لەحاڵێکدا کە لاقی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کرابوو، لە لایەن ئەفسەرێکی هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە بە سەختی لێیدرا و بە لێدانی چەندین زەربەی قۆنداغی چەکی کڵاشینکۆف لە بەشی سەر تووشی خوێنبەربوون بووە و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، حوسێن کەماڵنیا خەڵکی گوندی "ئەندیزێ" تەنیا سەرپەرشتی بنەماڵەکەیان بوو و بژێوی ژیانی دایکێکی پیری کە نەخۆشیی شەکری هەبوو و هەر دوو چاوەکەی لەدەست دابوو، دابین دەکرد.

هاوکات کۆڵبەرێکی دیکە بەناوی فەردین قەلاش بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە بە سەختی بریندار کراوە و بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە بەمەبەستی چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندێکی دەرمانی لە ئورمیە گواستراەتەوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە