ڕاپۆرتێک لەسەر دوایین بارودۆخی پەرهام پەروەری دوای دوو ساڵ دەستبەسەرکران، بەندکران و دوورخستنەوەی ناوبراو

١٧ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٤:٠٣

هەنگاو؛ سێشەممە ١٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

پەرهام پەروەری، لاوی وەرزشوانی خەڵکی سەقز کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە تاران دەستبەسەر کرابوو و سەرجەم سزای ١٥ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوەی بەسەردا سەپێندرابوو و دوای ماوەی یەک ساڵ و چوار مانگ بەشێوەی نهێنی بۆ پارێزگای سیستان و بەلووچستان دوور خرابۆوە، لە بارودۆخێکی ئەستەمی دەروونی و جەستەییدا بەسەر دەبات.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو گەیشتوون، پەرهام پەروەری کە دەچێتە نێو سێیەمین ساڵی دەستبەسەرکران و بەندکرانییەوە، بە بێ دەستڕاگەیشتن بە مافی مەەرەخەسی تەنانەت بۆ یەک ڕۆژ لەحاڵێکدا لە بەندیخانەی ئیرانشاری سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بەسەر دەبات کە لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیشی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا نەبووە و بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بەهۆی دەستڕانەگەیشتن و دووریی مەودای نێوانیان تا ئێرانشار هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووسی منداڵەکەیان نییە و هەر ئەوە نیگەرانیی جددیی ئەو بنەماڵە لەسەر بارودۆخی تەندروستیی پەرهامی لێکەوتۆتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە، پەرهام پەروەری لە بەندیخانەی ئێرانشار، بێ ڕەچاوکردنی ماددەی جیاکردنەوەی بەندکراوان لە نێوان بەندکراوانی سزا ئاساییەکان و تاوانبارە مەترسیدارەکاندا لە بەنددایە.

هەنگاو لە وتووێژێک لەگەڵ سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی پەروەریدا زانیویەتی کە، دایک و باوکی پەرهام بەهۆی دووریی مەودای نێوان سەقز تا ئێرانشار، تا ئێستا تەنیا دوو جار توانیویانە لەگەڵ پەرهام چاوپێکەوتنیان هەبێت، شاری سەقزی زێدی پەرهام تا بەندیخانەی ئێرانشار ١٩٥٠ کیلۆمەتر مەودای هەیە و بە ئۆتۆمبێلی خۆیانەوە زیاتر لە ٢٥ کاتژمێر کات دەخایەنێت تا بە ئێرانشار بگەن و ئەو بابەتە دایک و باوکی پەرهامی بەهۆی نەخۆشییەوە لەگەڵ کێشەیەکی جددی ڕووبەڕوو کردووەتەوە.

سەرەڕای ئەوە تا ئێستاش بنەماڵەی پەروەری چەندین جار لە ڕێگای شوێنە دادوەرییەکانەوە داوای گواستنەوەی ئەو بەندکراوە سیاسییە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز و تەنانەت بەندیخانەی ئێڤینی تارانیان کردووە، بەڵام داواکەیان ڕەت کراوەتەوە، ئەوە لەحاڵێکدایە کە بەپێی دەستوورنامەی جێبەجێکاریی ڕێکخراوی بەندیخانەکان و کردەوە دابینکارییەکان، بەندکراو دەتوانێت دوای دەرکردنی سزاکەی داوای گواستنەوەی بۆ ئەو شارە بدات کە لەوێدا نیشتەجێیە.

شایانی باسە کە ئەو کاتەی پەرهام پەروەری لە دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعاتی تاران بوو، بەمەبەستی ئازادیی کاتیی ناوبراو تاپۆی ماڵی ئەو بنەماڵەیە وەکوو بارمتە ڕادەستی خانەی دادی ئێڤینی تاران کرا و ئەوە لەحاڵێکدا بووە کە هیچ کات ئیزنی ئازادیی کاتی بە پەرهام نەدرا و ئەو بارمتەیە تا ئێستاش بە بنەماڵەکەی نەدراوەتەوە.

پەرهام پەروەری، لاوی وەرزشوانی خەڵکی سەقز لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لە تاران و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای دەرکردنی سزاکەی لە ڕێکەوتی ٢٣ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (١٣ی جەنیوەریی ٢٠٢٤) بەشێوەی نهێنی بۆ بەندیخانەی ئێرانشار لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان دوور خرابۆوە.

مانگی جۆزەردانی ٢٧٢٣ ئەندازیار پەرهام پەروەری، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەمووزاد" بە تۆمەتی "موحاربە" سزای دە ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەی جاسک لە پارێزگای هۆرمۆزگانی بەسەردا سەپێندرا و سەبارەت بە تۆمەتی "کردەوەی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی" سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

ئەو سزایە بەشێوەی فەرمی ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی جۆزەردان، بە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە ڕاگەیەندرا. دانیشتنی دادگای ئەو هاووڵاتییە لەحاڵێکدا لە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ بەڕێوە چوو کە دوو نەوبەت دانیشتنی دادگاییکردن بە تۆمەتەکانی ناوبراو دوا خرابوو.

ئە سزایە دوای ناڕەزایەتیی مازیار تاتایی، پارێزەری ئەو بەندکراوە سیاسییە بۆ لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵات گەڕێندراوە و مانگی سەرماوەزی هەمان ساڵ پشتڕاست کرایەوە.

پەرهام پەروەری کە لە ڕۆژی ١٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لەگەڵ تۆمەتی "موحاربە" لەلایەن خانەی دادی ئێڤینەوە ڕووبەڕوو ببووەوە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، لەگەڵ ٢٠ بەندکراوی سیاسیی دیکە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشووی لە بەندیخانەی تارانی گەورەوە بۆ بەندیخانەی ئێڤین گواسترایەوە.

ئەو لاوەی خەڵکی سەقز ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕەزبەری ٢٧٢٢، لەحاڵێکدا کە لە شوێنی کارەکەی دەگەڕایەوە ماڵەوە لە کاتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شاری تاران، بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەسەختی ئەشکەنجە درابوو. هەروەها لە ماوەی لێپرسینەوەیدا لە بەندی ٢٠٩ی وەزارەتی ئیتلاعات لە بەندیخانەی ئێڤین بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشار و هەڕەشە داندرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە