لێدان و ئازاردانی پەرهام پەروەری بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ئێرانشار

١٨ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٢:٤٧

هەنگاو؛ چوارشەممە ٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

دوای چەندین ڕۆژ بێ‌هەواڵی لە پەرهام پەروەری، بەندکراوی سیاسیی دوورخراوە و نیگەرانیی بنەماڵەکەی لەسەر بارودۆخی تەندروستیی ناوبراو و ڕاگەیاندنی ڕاپۆرتێکی هەنگاو لەسەر ئەو بابەتە، ئەو بەندکراوە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە بەندیخانەی ئێرانشارەوە، هەواڵی لێدان و ئازاردانی خۆی لە لایەن بەندکراوانی دیکە و گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە و ژووری تاکەکەسیی ڕاگەیاندووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا پەرهام پەروەری، بەندکراوی سیاسی کە ئێستا سزای ١٠ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوەی خۆی لە بەندیخانەی ئێرانشار تێپەڕ دەکات، لە لایەن ژمارەیەک لە بەندکراوانی ئەو بەندیخانەوە، دراوەتە بەر لێدان و کوتان و بۆ نەخۆشخانە و دواتر لە لایەن فەرمانگەی بەندیخانەەوە بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراوەتەوە.

بەوتەی خاتوو سروە سووزەنی دایکی پەرهام، ژمارەیەک لەو بەندکراوانەی پەرهامیان داوەتە بەر لێدان بە فڕێدانی ساردوگەرمی چایی بۆ ئەو بەندکراوە، هاوکات بوونەتە هۆی شکاندنی ئێسکی سەرووی چاوی، دڕانی پێستی و سووتانی سەختی بەشێک لە جەستەی.

هەنگاو ڕۆژی ڕابردوو بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لەسەر بارودۆخی پەرهام پەروەری لە بەندیخانەی ئێرانشار ڕایگەیاندبوو کە پەرهام لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا نەبووە و هەر ئەوە نیگەرانیی ئەو بنەماڵەیەی لەسەر بارودۆخی تەندروستیی پەرهام لێکەوتۆتەوە.

شایانی باسە کە، پەرهام پەروەری لە بەندیخانەی ئێرانشار، بێ ڕەچاوکردنی ماددەی جیاکردنەوەی بەندکراوان لە نێوان بەندکراوانی سزا ئاساییەکان و تاوانبارە مەترسیدارەکاندا لە بەنددایە.

پەرهام پەروەری، لاوی وەرزشوانی خەڵکی سەقز لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لە تاران و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای دەرکردنی سزاکەی لە ڕێکەوتی ٢٣ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (١٣ی جەنیوەریی ٢٠٢٤) بەشێوەی نهێنی بۆ بەندیخانەی ئێرانشار لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان دوور خرابۆوە.

مانگی جۆزەردانی ٢٧٢٣ ئەندازیار پەرهام پەروەری، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەمووزاد" بە تۆمەتی "موحاربە" سزای دە ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەی جاسک لە پارێزگای هۆرمۆزگانی بەسەردا سەپێندرا و سەبارەت بە تۆمەتی "کردەوەی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی" سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

ئەو سزایە بەشێوەی فەرمی ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی جۆزەردان، بە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە ڕاگەیەندرا. دانیشتنی دادگای ئەو هاووڵاتییە لەحاڵێکدا لە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ بەڕێوە چوو کە دوو نەوبەت دانیشتنی دادگاییکردن بە تۆمەتەکانی ناوبراو دوا خرابوو.

ئەو سزایە دوای ناڕەزایەتیی مازیار تاتایی، پارێزەری ئەو بەندکراوە سیاسییە بۆ لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵات گەڕێندراوە و مانگی سەرماوەزی هەمان ساڵ پشتڕاست کرایەوە.

پەرهام پەروەری کە لە ڕۆژی ١٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لەگەڵ تۆمەتی "موحاربە" لەلایەن خانەی دادی ئێڤینەوە ڕووبەڕوو ببووەوە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، لەگەڵ ٢٠ بەندکراوی سیاسیی دیکە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشووی لە بەندیخانەی تارانی گەورەوە بۆ بەندیخانەی ئێڤین گواسترایەوە.

ئەو لاوەی خەڵکی سەقز ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕەزبەری ٢٧٢٢، لەحاڵێکدا کە لە شوێنی کارەکەی دەگەڕایەوە ماڵەوە لە کاتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شاری تاران، بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەسەختی ئەشکەنجە درابوو. هەروەها لە ماوەی لێپرسینەوەیدا لە بەندی ٢٠٩ی وەزارەتی ئیتلاعات لە بەندیخانەی ئێڤین بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشار و هەڕەشە داندرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە