جێبەجێکرانی سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی قزڵحیساری شاری کەرەج

١١ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٢:٥٨

هەنگاو؛ چوارشەممە ١١ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

سزای سێدارەی لانی کەم دوو بەندکراو بە ناوەکانی فەرزوڵڵا نەسیری (فزلوڵڵا پوورنەسیری) و هەمزە شەهبازی کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرا بوو، لە بەندیخانەی قزڵحیساری شاری کەرەج جێبەجێکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی فەرزولا نەسیری خەڵکی شاری کۆیەشت و هەمزە شەهبازی خەڵکی شاری تاران لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێکرا.

ئەم دوو بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرا بوو. ئەوان ڕۆژی دووشەممە بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراونەوە و دوێنێ دوایین چاوپێکەوتنی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان ئەنجامداوە.

هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم دوو بەندکراوە تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە میدیاکانی سەر بە حکومەتی بەتایبەتی میدیاکانی نزیک لە دەزگای دادوەری بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە