برینداربوونی کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری بانە

١٨ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٣:١٠

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

کۆڵبەرێک بەناوی شاخەوان مەشهووری خەڵکی سەقز لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە سەختی بریندار کرا و بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە بەمەبەستی چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندێکی دەرمانیی شاری تەورێز گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، شاخەوان مەشهووری، تەمەن ٢٤ ساڵ، کۆڵبەری خەڵکی گوندی "کەنەسوور" سەر بە شاری سەقز و دانیشتووی بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری بانە بریندار کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە کە خێزاندار و باوکی منداڵێکە بەشی لاق، کەمەر، گورچیلە و جەرگی بە گوللەی ئەو هێزانە پێکراوە و بەهۆی قووڵیی برینەکانییەوە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندێکی دەرمانی لە تەورێز گواستراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە