٨ ساڵ بەرخۆدان بۆ ڕاستی و دادپەروەری؛ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە خزمەتی ڕاستی و دادپەروەریدا

١٨ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٤:٤٠

بەبۆنەی هەشتەمین ساڵی دامەزراندنی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە شانازی و پێبەندی بە داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ و بایەخە مرۆڤییەکان، ئەم ڕاگەیەندراوە بڵاو دەکەینەوە. هەنگاو لە سەرەتای چالاکییەکانی خۆیەوە بە ئامانجێکی ڕوون بۆ تۆمارکردن و بڵاوکردنەوەی هەموو چەشنە پێشێلکارییە مافی مرۆڤییەکان لە کوردستان، بوو بە دەنگێک بۆ بێدەنگەکان و هاوارێک بۆ دادخوازیی چەوساوەکان. لە ناوەڕاستی دەستپێکی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" هەنگاو بڕیاری دا چالاکییەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتەوە بە تۆمارکردن و بەڵگەمەندکردنی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە تەواوی ئێران پەرە پێ بدات.

لە ماوەی ئەو هەشت ساڵەدا، هەنگاو بە هەوڵە بەردەوامەکانی خۆی هەوڵی داوە سەرنجی میدیاکان، کۆمەڵگا نێونەتەوەییەکان، ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان و بیروڕای گشتی بۆ سەر بارودۆخی قەیراناویی مافی مرۆڤ لە کوردستان و ئێستا لە ئێران ڕابکێشێت. ئێمە بە تۆمارکردنی ورد و بەڵگەمەند حاڵەتەکانی توندوتیژی، سەرکوت، لەسێدارەدرانە سەرەڕۆیانەکان، دەستبەسەرکرانە نادادپەروەرانەکان و گوشارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ژنان، کەمینە ڕەگەزی و سێکسییەکان، کەمینە نەتەوەیی و هەروەها کەمینە مەزهەبییەکان هەوڵمان داوە کە ئەو بێدەنگییەی بەسەر ئەو کۆمەڵگایانەدا سەپێندراوە لەناو ببەین و کەشێک ساز بکەین کە لەوێدا هەواڵی کۆمەڵگا پەراوێزخراوەکان لە هەواڵەکانی ئێراندا هەبێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لەو هەشت ساڵەدا لەگەڵ کێشە و هەڕەشەی زۆر ڕووبەڕوو بووەتەوە. ئەو هەڕەشانە بریتی لەو حاڵەتانە بوون:

هەڕەشە ئەمنییەکان: چالاکان و هەواڵنێرەکانی هەنگاو بەردەوام لەگەڵ هەڕەشەی جددیی ئەمنی وەکوو شوێن‌هەڵگرتن، دەستبەسەرکران، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، ئەشکەنجەدران و تەنانەت مەترسیی کوژران ڕووبەڕوو بوونەتەوە. ئەو هەڕەشانە لە لایەن ناوەندە دەوڵەتی و گرووپە دەسەڵاتدارەکانەوە ئەنجام دراون کە هەوڵیان داوە لە بڵاوکردنەوەی ڕاستییە تاڵ و دڵتەزێنەکانی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ ڕێگری بکەن. ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تۆمەتگەلی وەکوو «تیرۆریسم، جیایی‌خوازی و هاوکاری لەگەڵ مووساد» پێش دەستبەسەرکردن و ڕفاندنی ئەندامانی هەنگاو بڕیاری کوژرانی حکومەتییان بۆ واژۆ کردوون.

بەربەستە ئیتلاعاتییەکان: لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و ڕاپۆرت بە وردەکارییەکانییەوە لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بەهۆی کونتڕۆڵکردنی چڕی میدیاکان و سانسۆڕکردنیان لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە ئەستەم بووە. زۆربەی هەواڵنێرە خۆجێیی و سەرچاوە هەواڵییەکان لەژێر گوشاردا بوون و ناردنی ڕاپۆرتی سەربەخۆ کێشەی زۆری هەبووە.

هەڕەشە دیجیتاڵییەکان: هێرشی سایبێری بۆ سەر ماڵپەڕ و ژێرسازەکانی سەرهێڵی هەنگاو، بەمەبەستی بەستنی دەنگی ئەو ڕێکخراوە و لەناوبردنی هەواڵ و زانیارییە گرینگەکانی، یەک لە گەورەترین کێشەکانی هەنگاو لە ماوەی ئەو ساڵانەدا بووە. پاراستنی ئەمنییەتی دیجیتاڵ و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو هەڕەشانە پێویستیی بە سەرچاوە و هەوڵی بەردەوام بووە.

هەڕەشە لە بنەماڵە و کەسوکاری ئەندامان: زۆربەی ئەندامانی بنەماڵە و هاوڕێی چالاکان و هەواڵنێرەکانی هەنگاو لەژێر گوشاری دەروونی و ئەمنیدا بوون. دەستبەسەرکران، هەڕەشە و ئازاردانی ئەو کەسانە لە ئامێرەکانی حکومەتی ئێران و ناوەندە سەرکوتکەرەکان بووە کە بەمەبەستی بەستنی دەنگی هەنگاو بەکاریان هێناوە.

هەنگاو بەردەوام سەرنجێکی تایبەتیی داوە بە بارودۆخی کەمینە نەتەوەییەکان کە لەگەڵ هەڵاواردن و سەرکوتدا ڕووبەڕوون. ئەو کەمینانە بێجگە لە ستەمی ڕەگەزی و ئابووری، لەگەڵ هەڵاواردنی ڕەگەزپەرستانە و ناوەندگەرایی نەتەوەتەوەر ڕووبەروو بوون. هەنگاو لە ڕاپۆرتەکانی خۆیدا حاڵەتە ڕێکخراوەکانی پێشێلکردنی مافی ئەو نەتەوانەی تۆمار و بڵاو کردووەتەوە و هەوڵی داوە دەنگیان بە کۆمەڵگا نێودەوڵەتییەکان بگەیەنێت.

لەو ڕێگا ئەستەمەدا، هەنگاو بەردەوام جەختی لەسەر پێبەندیی خۆی بە ڕاستی، دادپەروەری و مافی مرۆڤ کردووە و لە دوای بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" پێداگرتر لە ڕابردووی و بە ئامانجی وەرگیراو لەو بزووتنەوەیە ڕێگای خۆی بۆ پاڵپشتی لە قوربانییانی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و ڕاگەیاندنی ڕاپۆرتی ڕوون و ورد درێژە دەدات و لەسەر ئەو ڕێگایە دەمێنێتەوە.

هەنگاو سوپاسی سەرجەم ئەو کەسانە دەکات کە لە ماوەی ئەو ساڵانەدا بە هاوکاری، هەواڵنێری و پاڵپشتی لە چالاکییەکانی ئێمە، لەو ڕێگایەدا یارمەتیی هەنگاویان داوە و لەسەر ویستی خۆی بۆ درێژەدان بەو ڕێگایە پێداگری دەکات.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو

٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە