هەنگاو هەڕەشەی ئاشکرای کۆمەڵکوژی و کوشتنی ئێزدییەکان لە لایەن مەلایەکی سەر بە حکومەتی ئێرانەوە شەرمەزار دەکات
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لێدوانەکانی ئەم دواییەی «ڕامین ساڵحزادە»، لە وتاربێژانی ئایینی و ئەندامانی سەر بە ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری بانە، کە لە ڤیدیۆیەکدا بڵاو کراوەتەوە و هەڵگری هەڕەشەی ئاشکرایە بۆ کوشتنی ئێزدییەکان و هاندان بۆ توندوتیژی دژی ئەم کۆمەڵگەیە، بەتوندترین شێوە شەرمەزار دەکات و سەبارەت بە لێکەوتە مەترسیدارەکان و ئەگەری دووپاتبوونەوەی سیناریۆی جینۆسایدی ئێزدییەکان لە کوردستان هۆشداری دەدات.
وتە هەژێنەرەکانی ساڵحزادە کە لە خوارەوەی دەقەکەدا هاتووە، نەک تەنیا هەڕەشەیە بۆ سەر ئێزدییەکان بەڵکوو دەرکردنی فەرمانی کۆمەڵکوژکردنیانە:
«ئێزدییەکان، ئێمە ئێوە بە کافر دەزانین؛ ئێزدییەکان، ئێمە ئێوە بە پیس دەزانین؛ ئێزدییەکان، ئێمە ئێوە بە داوێنپیس دەزانین. سوێند بە خوا ئەگەر بچووکترین دەرفەتمان بۆ بڕەخسێت، ناهێڵین ساتێک لەسەر ئەم زەوییە بژین.
ئەمە ئایینی ئێمەیە، نە لە کەسی دەشارینەوە، نە خۆمان دەشارینەوە، نە لە کەس دەترسین و نە ترسێک لە دڵماندا هەیە. ئێمە بڕیارە یەک جار بمرین، با ئەو مردنە لە ڕێگای خوادا بێت. ئێمە یەک جار دەمرین، ئەم دوو ڕۆژەش کە خوا پێی داوین، با هەردووکی فیدای ئایینی خوا بێت. با هەردووکی فیدای فەرموودەیەکی ڕەسووڵی خوا بێت.»
هەنگاو پێداگری دەکات کە ئەم لێدوانانە ناکرێت تەنیا لە چوارچێوەی جیاوازییە ئایینییەکان یان ئازادیی ڕادەربڕیندا پاساو بدرێن. هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لە کۆمەڵگەیەک بە کوشتن، بەتایبەتی کاتێک لەلایەن کەسێکەوە کە خاوەنی مینبەر و پێگەی ئایینییە دەخرێتە ڕوو، نموونەیەکی ئاشکرای هاندان بۆ کۆمەڵکوژی و هەڕەشەی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر مافی ژیان و ئاسایشی ئەندامانی ئەم کۆمەڵگەیە.
گرنگیی ئەم هەڕەشانە کاتێک دوو هێندە دەبێتەوە کە لە بەستێنی ئەزموونی مێژوویی ئێزدییەکاندا دابنرێت، کۆمەڵگەی ئێزدی لە ساڵی ۲۰۱۴ کەوتە بەر شاڵاوی یەکێک لە دڵهەژێنترین تاوانەکانی جینۆسایدی سەردەم. گرووپی داعش، بە پشتبەستن بە پڕوپاگەندەی قینبڵاوکەرەوە و خوێندنەوەی توندڕەوانەی ئایینی، هەزاران هاووڵاتیی ئێزدیی کوشت، ژنان و منداڵانێکی زۆری بە کۆیلە گرت و دەیان هەزار کەسی ئاوارە کرد. کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان نیشانی دا کە زمانی ڕق و کینە، نامرۆڤایەتیکردن و هەڕەشەی توندوتیژی دژی کۆمەڵگەیەکی ئایینی، دەتوانێت لە ئەگەری ئاساییبوونەوەیدا، ببێتە هۆی تاوانی بەربڵاو و کۆمەڵکوژیی بەڕێکخراوەکراو.
بەم هۆیەوە، هەنگاو سەبارەت بە هەر جۆرە ئاساییکردنەوە و بواررەخساندنێک بۆ کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان هۆشداری دەدات. کۆمەڵگەی ئێزدی بەشێکی مێژوویی، ڕەسەن و دانەبڕاوی کۆمەڵگەی کوردستانە و هیچ کەس، ڕەوتێکی ئایینی یان ناوەندێکی سیاسی مافی ئەوەی نییە بە دیاریکردنی پێوەرە بیروباوەڕییەکان، مافی ژیان، ئاسایش و بەهرەمەندبوون لە کەرامەتی مرۆڤانەیان لێ زەوت بکات.
بە سەرنجدان بەوەی کە ڕامین ساڵحزادە لە ئەندامانی هێزەکانی ئیتلاعات لە ناوچەکە هەژمار دەکرێت، هەنگاو سەبارەت بە بێهەڵوێستی و هەڵاواردنە پێکهاتەییەکان دژی کەمینە ئایینییەکان و تێکەڵبوونی واتاداری ئەم پرسە لەگەڵ ستەمی بنەمادار بە ناسنامەی نەتەوەیی لە ئێران هۆشداری دەدات و ڕایدەگەیەنێت کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی بەرەنگارنەبوونەوە لەگەڵ پەرەپێدانی ڕق و کینە و هاندان بۆ کۆمەڵکوژی، بەرپرسی ڕاستەوخۆی گیان و ئاسایشی کۆمەڵگەی ئێزدی و کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان لە ئێران و بەتایبەتی پەیڕەوانی ئایینی یارسانە.
هەنگاو بەتایبەتی لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان داوا دەکات کە بارودۆخی تایبەت و هەستیاری خەڵکی کوردستان، بەتایبەتی مەترسیی کۆمەڵکوژی و هەڕەشەکان دژی کۆمەڵگەی ئێزدی بە هەستیارییەکی زیاترەوە بەدواداچوونی بۆ بکەن. ئەزموونی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان نیشانی دا کە کاردانەوەی درەنگوەختی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ڕەوتەکانی قینبڵاوکەرەوە دەتوانێت تێچوویەکی قەرەبوونەکراوەی هەبێت.
هەنگاو هەروەها لە ڕێبەرانی ئایینی، ناوەندە مەدەنییەکان و چالاکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کوردستان داوا دەکات لە بەرامبەر ئەم هەڕەشە مەترسیدارانە بێدەنگ نەبن و بەڕاشکاوی لەسەر مافی یەکسانی ئەوان بۆ ئاسایش، کەرامەت، ناسنامە و ژیانی ئازادانە پێداگری بکەن. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بەتایبەتی لە حیزبە کوردستانییەکان داوا دەکات بە گرتنەبەری هەڵوێستی ڕوون و یەکلاکەرەوە، پێش بە هەڕەشەی جینۆسایدی ئێزدییەکان لە کوردستان بگرن.
کوردستان ماڵی هاوبەشی هەموو کۆمەڵگە مێژووییەکانیەتی و هەڵگری فرەچەشنیی ناسنامەیی ناوخۆیەتی. بەرگریکردن لە ئاسایش و مافی ژیانی ئێزدییەکان، بەرگریکردنە لە بنەمای پێکەوەژیان و فرەچەشنیی مێژوویی کوردستان.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای شەرمەزاکردنی ئەم هەڕەشانە، ڕایدەگەیەنێت کە حاڵەتەکانی هاندان بۆ کۆمەڵکوژی و توندوتیژی دژی کۆمەڵگەی ئێزدی بە هەستیاریی تایبەتەوە بەبەڵگە دەکات و بەدواداچوونی بۆ دەکات و لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوا دەکات سەبارەت بەم هەڕەشانە بێهەڵوێست نەبێت.