سەبارەت بە شەرمەزارکردنی پچڕانی ئینتەرنێت لە ئێران، کۆمەڵگەی جیهانی ئەرکدارە ڕێگری بکات لە دووبارەبوونەوەی تاوان لە تاریکیدا

٢٨ ڕەشەمە ٢٧٢٥، ١٢:١٤

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥

لە دوای پچڕانی بەرفراوان و سیستماتیکی ئینتەرنێت لە سەرانسەری ئێران لە سەرەتای شەڕی ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکاوە، جارێکی دیکە خەڵک لە سەرانسەری ئەم جوگرافیایەدا لەناو خامۆشییەکی تەواودا بەسەردەبەن. ئەمە لە دۆخێکدایە کە لە بارودۆخی شەڕدا تەنانەت زیاتر لە کاتی ئاسایی پێویستییان بە ئینتەرنێت هەیە بۆ هەواڵگەیاندن، پەیوەندیگرتن بۆ کاروباری ژیانیی گرنگ و دەستکەوتنی زانیارییە پێویستەکان. سەرەڕای ئەمەش، دزەکردنی هەواڵەکانی سەرکوتە توندەکان و دۆخی ئەمنیی ناوخۆی ئێران لە کاتی شەڕدا و لە کاتی پچڕانی تەواوەتیی ئینتەرنێتدا جێبەجێ نابێت.

بەپێی ڕاپۆرتی نێت بلۆک، پچڕانی ئینتەرنێت لە ئێران چووەتە بیستەمین ڕۆژی خۆی و دوای ٤٥٢ کاتژمێر، پەیوەندی بە ئینتەرنێتی جیهانییەوە هێشتا بۆ هەمووان جگە لە ژمارەیەکی سنووردار بەردەست نییە.

سەرەڕای ئەمەش، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو توانیویەتی لە ڕێگەی سەرچاوەکانی خۆیەوە و سەرەڕای هەموو سنووردارکردنەکان، دەستبەسەرکردنی هەندێک لەو کەسانەی کە دەستیان بە ئینتەرنێتی ئازاد لە ڕێگەی ستارلینکەکانەوە هەبووە، پشتڕاست بکاتەوە. هەروەها ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو پشتڕاستی دەکەنەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم بارودۆخی شەڕەدا کەشی ئەمنیی توندتر کردووەتەوە و لە بەرانبەر هەر جۆرە دەستڕاگەیشتنێک بە ئینتەرنێتی جیهانی و ئازاد، توندترین هەڵسوکەوتی ئەمنی دەنوێنێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە سەرنجدان بە ئەزموونەکانی خەزەڵوەری ٢٧١٩ و بەفرانباری ٢٧٠٥ ، پچڕانی تەواوەتی و درێژخایەنی ئینتەرنێت لە بارودۆخی شەڕدا نەک هەر بە بەشێک لە سیاسەتی کۆنترۆڵکردنی بیروڕای گشتی و پەرەپێدانی کۆنترۆڵە ئەمنییە توندەکان دەزانێت، بەڵکوو وەک پەردەیەک بۆ داپۆشینی تاوانە سیستماتیکەکان لێی دەڕوانێت و لەم ڕووەوە هۆشداری دەدات کە کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە "تاریکیی دیجیتاڵ" وەک پەردەیەک بۆ پەرەپێدانی سەرکوتەکان بەکار دەهێنێت.

هەربەو هۆیەوە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە کۆمەڵگەی جیهانی، یەکێتیی ئەورووپا و تەواوی ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ داوا دەکات کە لە دەرەوەی بەیاننامە سیمبۆلیکەکان، هەنگاوە کردەیی و نائاسایییەکانی خوارەوە بە شێوەیەکی خێرا بۆ ڕێگری لە کارەساتە مرۆیییەکانی دیکە لە ئێران بخەنەگڕ:

شکاندنی گەمارۆی دیجیتاڵ: دابینکردنی ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد و ئامرازەکانی تێپەڕاندنی سانسۆر بۆ خەڵکی ناوخۆی ئێران، تا جیهان شایەتحاڵی ڕاستەوخۆی ڕووداوەکان بێت و دەرفەتی بەڵگەنامەکردنی تاوانەکان لەناو نەچێت.

گوشاری دیپلۆماسیی: هۆشداریی ڕاشکاو بە بەرپرسانی تاران سەبارەت بەوەی کە پچڕانی ئینتەرنێت وەک ئامادەکاری بۆ کۆمەڵکوژی لەقەڵەم دەدرێت و لێکەوتەی قورسی جیهانیی لێ دەکەوێتەوە.

ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی زانیاری: پشتگیریی بەرچاو و کردەیی لە کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێران بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئینتەرنێتییەکان بۆ ڕێگری لە کپبوونی دەنگی کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێران.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە