ڕاگەیەندراوەی هەنگاو لەسەر نوێکردنەوەی فتوای جیهادی خومەینی دژ بە کوردستان لە لایەن پەرلەمانی ئێرانەوە
هەنگاو بە نیگەرانییەوە بڕیاری ئەم دواییانەی پەرلەمانی شوورای ئیسلامیی ئێران کە بەپێی ئەو بڕیارە گرووپێکی پێکهاتوو لە چەند کەس، بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەڵگرتن یا هەڵنەگرتنی چەک، بە «نیزامی» دەناسێت، بە توندی شەرمەزار دەکات. ئەو بڕیارە پەسەندکراوە تەنیا ئالۆگۆڕێک لە وتاری یاسایی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا نییە، بەڵکوو هەنگاوێکی دیکە لە ڕێگای پەرەپێدان بەو پێناسەیە کە سنووری نێوان کەسانی سڤیل و هێزی سەربازی لەبەر چاو ناگرێت و ڕیگاخۆشکەری ڕەواییدان بە توندوتیژیی سیاسی و سڕینەوەی دژبەرانی حکومەتە.
سەردێڕی ئەو هەواڵە لە ئیسنا بە ئاماژەدان بە «گرووپە تیرۆریستییە دەست نیشانکراوەکان» هەواڵەکەی بەو شێوەیە داڕشتووە:
"بە پەسەندکردنی پەرلەمان سەرجەم زایۆنییەکانی دانیشتووی ناوچەی داگیرکراوەکان، نیزامی بە ئەژمار دێن."
نوێنەرانی پەرلەمان پەسەندیان کردووە کە "سەرجەم زایۆنییەکانی ناوچە داگیرکراوەکان و هێزە تیرۆریستییەکانی سینتکام و گرووپە تیرۆریستیە دەست نیشانکراوەکانیان، بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی چەکدار بن یان نا، نیزامی بە ئەژمار دێن."
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا بەردەوام هەوڵی داوە حیزبە سیاسییەکانی کوردستان بە ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پەیوەندی بدات و داخوازییە سیاسی و مافی مرۆڤییەکانی نەتەوەی کورد نە وەکوو داخوازییەکی مەدەنی و دیموکراتیک، بەڵکوو وەکوو بەشێک لە «پرۆژەیەکی ئەمنیی بیانی» بناسێنێت. ئەو ڕوانگە و گوتارە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بنەمای هێرش و ئاڕاستەی سەربازی جەنگیی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبە کوردستانییەکان لە هەرێمی کوردستان، تیرۆرکردنی چالاکانی کورد لە نێوخۆ و دەرەوی جوگرافیای ئێران، سەرکوتکردن و چەوساندنەوەی چالاکانی سیاسی و مەدەنی کوردستان و ڕەواییدان بە سەپاندنی سزای سێدارە و بەندکرانی درێژماوە بووە.
دەقی ئەو بڕیارە بەشێوەی ڕاستەوخۆ نێوێکی لە حیزبە کوردستانییەکان نەبردووە، وەکوو زۆر یەک لە دەقەکانی کۆماری ئیسلامی لە پەیوەندی لەگەڵ هەمان بابەتدا، زمانی پرۆپاگەندە بەجێی زمانی ڕاشکاوی یاسایی بەکار بردراوە و لە درێژەی وتاری ئەمنیی کۆماری ئیسلامی ئێراندایە؛ کە ساڵانێکە بە پەیوەندیدانی حیزبە کوردستانییەکان و چالاکانی کورد بە ئیسرائیل، ئەمریکا و هێزە دەرەکییەکانی دیکەوە، هەوڵی داوە ئەوان لە پێگەی هێزی سیاسی و مەدەنی جیا بکاتەوە و وەکوو «دوژمن» و «کاربەدەستی بێگانە» بیانناسێنێت. ئەوە لەحاڵێکدایە کە بزووتنەوەی کوردستان لە بواری مێژووییەوە پێشینەی بۆ پێش دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل و هەروەها پێش دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی و پچرانی پەیوەندیی دیپلۆماتیک لەگەڵ ئەو وڵاتانە (لە چوارچێوەی ڕەوتی دژبەرانەی حکومەتی ئێستای ئێران لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە) دەگەڕێتەوە.
لە وەها چوارچێوەیەکدا، هەرکەس یان هەر ڕەوتێک کە حکومەت بە هاوکار یان هاوڕێی ئەو وڵاتانە تۆمەتباریان بکات، دەتوانێت لە پاڵپشتییە سەرەکییەکانی مافە نێودەوڵەتییەکانی مرۆڤ بێبەش بێت و وەکوو «ئامانجێکی ڕەوا» بناسرێت.
هەنگاو هۆشداری دەدات کە تەنیا مەبەست و ئامانجی ئەم گوتارە ئەندامان و کادری حیزبە سیاسییەکان نییە. بە گرنگیدان بە پێگەی کۆمەڵایەتیی بەرفراوانی حیزبە کوردستانییەکان لەنێوان خەڵکی کوردستاندا، ئەو شێوە وتارە لەڕاستیدا دەتوانێت ملیۆنان هاووڵاتیی کورد کە بە هەر چەشنێک لەگەڵ ئەو حیزبانە هاودڵی، هاوکاری یان تەنانەت پەیوەندیی بنەماڵەیی و کۆمەڵایەتییان هەیە، بخاتە مەترسیی هەڕەشەی بەردەوامی حکومەتەوە. ئەزموونی چوار دەیەی ڕابردوو سەلماندوویەتی کە کۆماری ئیسلامی تەنانەت لەنێو ئەندام، لایەنگر، چالاکانی مەدەنی، ڕۆژنامەنووس، بنەماڵە پەیوەندیدارەکان و تەنانەت هاووڵاتییانی سڤیل جیاوازییەک دانانێت و هەموویان بە تاوانبارکردنی ئەمنییەوە دەکاتە ئامانج.
هەنگاو هەروەها هۆشداری دەدات کە ئەو بڕیارە پێویستە لە پەنای مێژووی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژ بە کوردستان لێک بدرێتەوە. لە گەلاوێژی ساڵی ۲۶۷۹ و فەرمانی ڕۆحوڵڵا خومەینی بە مەبەستی «جیهاد» دژ بە کوردستان، حکومەت بەردەوام هەوڵی داوە بە هێنانە دەرەوەی دژبەرانی خۆی لە بازنەی هاووڵاتی و مرۆڤایەتییەوە، توندوتیژیی ڕێکخراوانە دژ بە کوردستان ڕەوایی پێبدات.
لێکۆڵینەوەکانی هەنگاو نیشانیان داوە ئەم گوتارە لە ماوەی ساڵان و چەند دەیەی ڕابردوودا نە تەنیا لە لایەن حکومەتی کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو لە لایەن بەشێک لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنەوە دووبارە بەرهەم هێنراوەتەوە. دووپاتکردنەوەی ئەم گوتارە، تەنانەت لە لایەن دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بووەتە هۆی بەهێزکردنی هەمان چوارچێوەی پرۆپاگەندە و ئەمنی کە حکومەت ساڵانێکە بە مەبەستی ڕەوایی بەخشین بە چەوساندنەوە و سڕینەوەی دژبەرانی کورد بەکاری هێناوە و ئێستا لەنێوان قەیرانی ڕەوابوونی حکومەتی خۆیدا، لە ڕێگای سپاردنی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی بەشێکی گرینگی ئەو وتارە بە بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێران، بە ئامانجی ڕەواییدانی دووبارە و دڵخوازی خەڵک بە سیاسەتی کوشتاری حکومەت دژ بە کوردستان کەڵک وەردەگرێت.
هەنگاو لە نەتەوە یەکگرتووەکان، هەواڵنێرانی تایبەت، ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و سەرجەم دەوڵەتە پێبەندەکان بە مافە نێونەتەوەییەکان داوا دەکات سەبارەت بەو ڕەوتە هۆشداری بدەن و ئیزن نەدەن کۆماری ئیسلامیی ئێران بە لێکدانەوە نوێیەکانی لە وتاری یاسایی و ئەمنی خۆیدا، بواری ڕەواییدان بە توندوتیژییەکی بەرفراوانتر لە ئێستا، دژ بە کوردستان برەخسێنێت.