سێدارە، ئامرازی سەرکوت: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لووتکەی پێشێلکارانی مافی ژیان لە جیهان

١٨ ڕەزبەر ٢٧٢٥، ٠٩:٥٧

ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سێدارە لە ساڵی ۲۰۰۳ی زایینی لە لایەن هاوپەیمانی جیهانیی دژ بە سزای سێدارە (WCADP) دامەزرێندرا تا بیروڕای گشتیی جیهان سەبارەت بە توندوتیژی، هەڵاواردن و نادادپەروەریی سروشتیی ئەو سزایە ئاگادار بکاتەوە. ئەو ڕۆژە هێمایەک لە یەکگرتوویی جیهانی لە داکۆکی لە مافە بنەرەتییەکانی ژیان و دژایەتیی کوشتاری حکومەتییە و لەو کاتەوە، ساڵانە لە زیاتر لە ۶۰ وڵاتی جیهان بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی جیهانیی سزای سێدارە و بەرزڕاگرتنی مافی ژیان بەڕێوە دەچێت. دروشمی جیهانیی ئەو ڕۆژە لە ساڵی ۲۰۲۵، «سزای سێدارە کەس ناپارێزێت» بووە. دروشمێک کە ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە دەتوانێت بۆ ئێران بەکار بهێندرێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە پشتبەستن بە زانیارییە بەڵگەمەندەکانی دوای بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» سەبارەت بە بەرزبوونەوەی لەسێدارەدان لە ئێران بەراورد بە دوو دەیەی ڕابردوو هۆشداری دەدات.

بە پێی زانیارییەکانی ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی هەنگاو، لە ساڵی ۲۰۲۳ی زایینی لانی کەم ۸۲۹ بەندکراو، لە ساڵی ڕابردوو ۹۰۹ بەندکراو و لە سەرەتای ساڵی ۲۰۲۵ی زایینی تا ئێستا ۱۱۰۰ بەندکراو لە بەندیخانە جیاوازەکانی ئێران لەسێدارە دراون.

لە نێوان لەسێدارەدرانە تۆمارکراوەکانی ساڵی ۲۰۲۵، لانی کەم ۵۷۹ کەس لە قوربانییان لە کەمینە نەتەوەیی و پێکهاتەکان بوون؛ بریتی لە ۱۷۳ هاووڵاتیی کورد، ۱۴۰ لور، ۱۱۸ بەلووچ، ۱۰۸ تورک و ۶۴ هاووتیی ئەفغانستانی.

هەر لەو ساڵەدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە لەسێدارەدانی ٣٣ ژن، زیاترین ئاماری لەسێدارەدانی ژنانی لە جیهان تۆمار کردووە و یەک منداڵی تاوانباریش لە نێوان لەسێدارەدراواندا بووە. هەروەها لە ساڵی ۲۰۲۵ لانی کەم ۴۱ بەندکراوی سیاسی و ئایینی لەسێدرە دراون کە ۱۶ کەسیان بە تۆمەتی «سیخوڕی بۆ ئیسرائیل» لەسێدارە دراون.

لە ساڵی ۲۰۲۳، ئاماری لەسێدارەدرانەکان بەراورد بە ساڵی ۲۰۲۲ (بە ۵۴۰ حاڵەتی لەسێدارەدان) ۵۳.۵٪ بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە ۸۲۹ حاڵەت. لە ساڵی ۲۰۲۴ بە ۹.۵٪ هەڵکشانی زیاتری ئامارەکان، ژمارەی لەسێدارەدراوان گەیشتووەتە ۹۰۹ کەس.

بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ۲۰۲۵ زایینەوە تا ئێستا زیاتر لە ١١٠٠ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون. لە نێوان ئەو بەندکراوانەدا ٥٠٠ کەس دوای دەستپێکی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە ڕێکەوتی ۲۳ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ (۱۳ی ژۆئەنی ۲۰۲۵) لەسێدارە دراون.

لە مانگی سێپتەمبەری ۲۰۲۵، سزای سێدارەی ۱۸۷ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە؛ ئامارێک کە بەراورد بە سێپتەمبەری ساڵی ڕابردوو (بە ۷۸ حاڵەتی لەسێدارەدان) ۱۴۰٪ بەرز بووەتەوە و زیاترین ڕێژەی لەسێدارەدان لە ماوەی یەک مانگ لە بیست ساڵی ڕابردوودا بە ئەژمار دێت.

بە پێی ڕاپۆرتە بەڵگەمەندکراوەکانی هەنگاو، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگای بەرزکردنەوەی ڕێژەی سێدارەی بەندکراوان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان، هەوڵی ئاساییکردنەوەی ئاماری سەرسووڕهێنەری لەسێدارەدان و شاردنەوەی لەسێدارەدانە سیاسی و ئایینییەکان دەدات.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامی زیاترین حاڵەتی لەسێدارەدانی ژنانی لە جیهان تۆمار کردووە و هاوکات، تۆمەتی وەکوو «هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل» بەتایبەت دژ بە هاووڵاتییانی کورد، بەشێوەیەکی بەرچاو سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای سێدارەی لێکەوتۆتەوە.

بۆ یەکەمین جار دوای چەندین ساڵ، حکومەتی ئێران دیسان چالاکانی سیاسیی ژنی لەگەڵ سزای سێدارە ڕووبەڕوو کردووەتەوە؛ بۆ نموونە شەریفە محەممەدی، پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی کە سزاکانیان هێمایەکی ڕوون لە کەڵکوەرگرتنی سیاسی و سەرکوتکردن لە رێگای سزای سێدارەیە.

تەنانەت سەرتر لە سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای سێدارە کە بەشێوەی جیاواز دژ بە هاووڵاتییانی کورد، بەلووچ، عەرەب و تورک بەکار دەبردرێت، چەندین ڕاپۆرت لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی بەندکراوانی سیاسی دوای جێبەجێکردنی سزاکانیان تۆمار کراوە. ئەو ڕەوتە پێشێلکردنی زیاتری مافی ژیان و ڕێزی مرۆڤە و نیشانەی ئاشکرای تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بە ئەژمار دێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو سزای سێدارە بە سزایەکی نامرۆڤانە، نادادپەروەرانە و بەرانبەر بە مافی بنەڕەتیی ژیانی مرۆڤ دەزانێت و جەخت دەکاتەوە کە زۆربەی سزای سێدارەکان لە ئێران لە ڕەوتێکدا دەسەپێندرێن کە ناڕوون، نادادپەروەرانە و دوور لە ستانداردەکانی دادگاییکردنن. ئەو سزایانە لە ڕاستیدا ئامرازێکی سیاسی بە مەبەستی سازکردنی کەشی ترس لە نێو کۆمەڵگا و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانن. بە گرنگیدان بە ئاماری بەرچاوی لەسێدارەدانە ناسیاسییەکان لە ئێران، ئەو گومانە کە ئەو چەشنە لەسێدارەدانانە بەهۆی سیاسەتەوە نین، هەڵەیە؛ بەو هۆکارەوە کە لێکۆڵینەوەی ئاماری لە بواری سێدارەی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لە ناوچە پەراوێزخراوەکان، بەتایبەتی بەلووچستان، یان لەسێدارەدانی ژنانی قوربانیی توندوتیژیی خێزانی، هەوڵی سیاسیی حکومەت لە بەکارھێنانی سێدارە وەکوو ئامرازی کونترۆڵی کۆمەڵایەتی دەسەلمێنێت.

هەنگاو وێڕای یەکگرتوویی لەگەڵ کەمپینی جیهانیی هەڵوەشاندنەوەی سێدارە، جارێکی دیکە لە کۆمەڵگای جیهانی، ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و حکومەتە دێموکراتەکان داوا دەکات کە بەرانبەر بە ڕەوتی مەرگ لە ئێران بێدەنگ نەبن و لە تەواوی ڕێگا دیپلۆماتیک، یاسایی و مرۆڤییەکانی خۆیان بە مەبەستی ڕاگرتنی شەپۆلی سێدارەکان کەڵک وەربگرن.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە