ئەنجامدانی تاوان دژی مرۆڤایەتی لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران و داواکاری بەپەلەی هەنگاو لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی

٢٣ بەفرانبار ٢٧٢٥، ٢٢:٠٠

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەپێی بەدواداچوون و زانیارییە مەیدانییەکان و بەڵگەنامە باوەڕپێکراوەکانی گەیشتوو لە سەرچاوە سەربەخۆکانەوە، ڕایدەگەیەنێت کە شێوازی ئەو سەرکوتەی لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ٢٧٢٥دا بەکار هێنراوە، هەڵگری ڕەگەزە ڕوون و جۆراوجۆرەکانی «تاوان دژی مرۆڤایەتی»یە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیڕەوی ناوخۆی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان.

بەدواداچوونەکانی هەنگاو نیشان دەدەن کە هێزە حکومەتییەکان، بە پشتبەستن بە سیاسەتی سەرکوتی هاوکات، بەرفراوان و سیستماتیک، دەستیان داوەتە کردەوەگەلێک کە بریتین لە: کوشتنی بە ئەنقەستی خۆپیشاندەرانی مەدەنی -لەوانە منداڵان-، بەکارهێنانی کوشندە و بەرفراوانی هێز، بەڕێوەبردنی دادگای سەحرایی، دەستبەسەرکردنی بەرفراوان و سەرەڕۆیانە، و میلیتاریزەکردن و سەربازیی کردنی شوێنە گشتییەکانی شار بە مەبەستی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێی گشتی. ڕاپۆرتە جۆراوجۆر و هاوتەریبەکان ئاماژە بە ڕوودانی کوشتنی بەکۆمەڵی خۆپیشاندەران لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران دەکەن. هەنگاو پشتڕاستی دەکاتەوە کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەمدواییەدا زیاتر لە ٢٥٠٠ کەس لە سەرانسەری ئێراندا کوژراون. تیمی هەنگاو ڕۆژانە سەرقاڵی پشتڕاستکردنەوەی ناسنامە و بڵاوکردنەوەی ناوی گیانبەختکردووانە. تا ئێستا ناسنامەی ٨٠ کەس لە هاووڵاتییە کوژراوەکان دوای پشتڕاستکردنەوەی کۆتایی لەلایەن تیمی هەنگاوەوە، لە پلاتفۆرمە جیاجیاکانی هەنگاو تۆمار و بڵاو کراوەتەوە.

لەو چوارچێوەیەدا، زانیارییە بەڵگەدارەکان نیشان دەدەن کە هێزە حکومەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ناوەندە تەندروستییەکانیش. گەمارۆدان و هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەکان، لەوانە لە ئیلام و تاران، پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و بێبەشکردنی بە ئەنقەستی بریندارەکانە لە دەستڕاگەیشتن بە چارەسەری پزیشکی؛ کارێک کە خۆی وەک بەشێک لە تاوان دژی مرۆڤایەتی ئەژمار دەکرێت.

هاوکات، کۆماری ئیسلامی بە بڕینی تەواوەتیی ئینتەرنێت و سنووردارکردنی توندی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان، کە تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم بەیاننامەیە چووەتە پێنجەمین ڕۆژی یەک لە دوای یەک، بە شێوەیەکی ئاگایانە و ئامانجدار ڕێگەی دەستڕاگەیشتنی هاووڵاتییانی بە زانیاری و پەیوەندی ئازاد بەستووە. ئەم کارە کە پێشینەی هەبووە، نیشاندەری هەوڵی سیستماتیکی حکومەتە بۆ شاردنەوەی ڕەهەندە ڕاستەقینەکانی تاوانەکان و ڕێگریکردن لە چاودێری و لێپرسینەوەی نێودەوڵەتی.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو جەخت دەکاتەوە لە کاتێکدا کە دەوڵەتێک بە ئاشکرا و بەردەوام دەست بداتە کوشتنی بەرفراوان و بە ئەنقەستی هاووڵاتییانی مەدەنی، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەرکی لەسەر شانە کە پرەنسیپی «بەرپرسیارێتی پاراستن» (Responsibility to Protect – R2P) بەکار بهێنێت.

هەنگاو ڕوونی دەکاتەوە کە لە دۆخێکی وەهادا، تەنیا گوشارە دیپلۆماسی و سیاسییەکان بەس نین، بەڵکوو دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەموو ئامرازە شەرعییە پێشبینیکراوەکان لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا، لەوانە ڕێکاری زۆرەملێی پابەندکەر بەپێی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە هەند وەربگرێت؛ ئەو ڕێکارانەی کە مەبەستیان نەک دەستێوەردانی سیاسی، بەڵکوو پاراستنی بەپەلە و کاریگەری گیانی مەدەنییەکان و ڕاگرتنی کوشتنی بەرفراوانە.

هەنگاو داوا لە بریتانیا و یەکیەتیی ئەورووپا دەکات کە وەک یەکەم هەنگاوی کردەیی، بە بانگهێشتکردنەوەی باڵیۆزەکانیان لە تاران و نزمکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، پەیامێکی ڕوون بنێرن سەبارەت بە قبووڵنەکردنی بەردەوامیی تاوان دژی مرۆڤایەتی و کۆتاییهێنان بە پارێزبەندیی سیاسیی کۆماری ئیسلامی. کارێکی وەها کەمترین کاردانەوەی بەرپرسیارانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە لە بەرامبەر حکومەتێکدا کە بە شێوەیەکی سیستماتیک پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە.


 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە