بەیاننامەی هەنگاو لە پێناو بەرگری لە یەکگرتوویی و ئاسایشی هاووڵاتییان
لەو قۆناغە هەستیارەی ئێستادا و بە سەرنجدان بەو ڕاپۆرتە نیگەرانکەرانەی باس لە جووڵەی ناوەندە سەربازییەکان دەکەن بۆ دروستکردنی دووبەرەکی لە پێکهاتەی دانیشتووانی ئەو شارانەی فرەنەتەوەن، مەترسی ئەوە هەیە کە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ژمارەیەک لە شارەکانی پارێزگای ئورمیە کە هەردوو نەتەوەی کورد و تورکی تێدا نیشتەجێن، لەوانە شارەکانی میاندواو، تیکاب، ساینقەڵا، نەغەدە، ئورمیە، سەڵماس، خۆی، ماکۆ، بازرگان و شووت دەست بداتە نانەوەی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان هەردوو نەتەوەکەدا.
بەپێی ئەو بەڵگانەی گەیشتوونەتە هەنگاو، سوپای پاسداران ڕۆژی هەینی ١٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥، لە ڕێگەی بڵندگۆوە لە ناو شارەکاندا داوای لە خەڵک کردووە کە بۆ پڕچەکبوون سەردانی ناوەندەکانی بەسیج و سوپای پاسداران بکەن. هەروەها لە دوو ڕۆژ لەمەوبەرەوە لە شارەکانی ماکۆ، بازرگان، چاڵدێران، شووت و پۆلدەشت دەستیان کردووە بە دابەشکردنی بەرفراوانی چەک لە نێوان ئەندامە سادەکانی خۆیاندان.
بەپێی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، دەوڵەتەکان ئەرکدارن بە پاراستنی گیان و ماڵی هەموو هاووڵاتییان بەبێ جیاکاری. هەر جۆرە هەوڵێک بۆ پڕچەککردنی گروپە ناحکومییەکان یان هاندانی گروپێکی ئەتنیکی دژی گروپێکی دیکە، نەک هەر پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافی هاووڵاتیبوونە، بەڵکوو لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکرێت لەژێر ناونیشانی "هاندانی توندوتیژیی سیستماتیک" ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی ببێتەوە.
ئەزموونی مێژوویی نیشانی داوە کە دەسەلاتە دیکتاتۆرەکان لە کاتی نزیکبوونەوە لە لێواری ڕووخان، جیاوازییەکانی ناسنامە وەک ئامرازێک بۆ مانەوەی خۆیان بەکاردەهێنن. نیشاندانی هەستێکی درۆینەی نائەمنی و بە دوژمن نیشاندانی هەردوو نەتەوەی کورد و تورک بەرامبەر بە یەکتری، سیناریۆیەکی مەترسیدارە بۆ گۆڕینی داواکاریی ئازادی بۆ شەڕی ناوخۆ.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لەو بڕوایەدایە کە:
فرەچەشنیی زمانەوانی و کولتووری لە شارە هاوبەشەکاندا، نەک هەر هەڕەشە نییە، بەڵکوو سەرمایەیەکە بۆ چەسپاندنی دیموکراسی؛ بەرگریکردن لە فرەچەشنیی کولتووری و کۆمەڵایەتی و هەوڵدان بۆ جێگیرکردنی هاوپێوەندی، لە لایەک لە ڕێگەی بەفەرمی ناسینی جیاوازییە کولتوورییەکان و لە لایەکی دیکە لە ڕێگەی بەفەرمی ناسینی مافەکانی یەکتری لە چوارچێوەیەکی دیموکراتیکدایە.
هەر جۆرە چارەسەرکردنێکی ناکۆکییەکان دەبێت لە چوارچێوەی گفتوگۆ و پرۆسە یاساییە دیموکراتیکەکاندا بێت، نەک لە ڕێگەی لوولەی ئەو تفەنگانەی کە لەلایەن دامەزراوە سەرکوتکەرەکانەوە دەبەخشرێنەوە.
لەسەر ئەم بنەمایە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو داوا لە تەواوی بلیمەتەکان، چالاکانی مەدەنی و تێکڕای خەڵک لە ناوچەکانی ئازەربایجان و کوردستان دەکات:
لە وەرگرتنی هەر جۆرە چەکێک یان بەشداریکردن لە گروپە چەکدارە خۆجێییەکان کە لەژێر چاودێریی ناوەندە ئەمنییەکاندا پێکدێن، خۆ بپارێزن.
بە پێکهێنانی ناوەندی مەدەنیی هاوبەش، ڕێگە لەو کەسانە بگرن کە دەیانەوێت دووبەرەکی بنێنەوە. ئەوەتان لەبیر بێت کە دوژمنی هاوبەش، هەمان ئەو پێکهاتەیەیە کە بە دروستکردنی ترس، ڕێگری لە گەیشتنی کۆمەڵگە بە کامڵبوونی سیاسی و ئازادی دەکات.
هەنگاو پێیوایە مافی بەرگری لە خۆ بۆ هەموو ئەو خەڵکەی کە دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران تووشی ستەمی چەندبارە بوونەتەوە، نابێت لەگەڵ پڕۆژە ئەمنییەکان بۆ دروستکردنی گرژیی ناوخۆیی تێکەڵ بکرێت. هەروەها هەنگاو یەکگرتوویی نێوان خەڵکی کورد و تورک بە گەرەنتیی سەرەکیی تێپەڕبوونێکی ئاشتییانە بەرەو کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و سێکۆلار دەزانێت.