بەندیخانەی قزڵحیسار؛ جێبەجێکرانی سزای سێدارەی سێ بەندکراو

١٨ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٩:٢٣

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

سزای سێدارەی دوو بەندکراوی بەلووچ بە ناوەکانی ئەحمەد ناروویی و محەممەد ئێسحاقزهی و هەروەها بەندکراوێکی لوڕ بە ناوی کامران سەقایی لە بەندیخانەی قزڵحیسار جێبەجێکرا. ئەوان پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرا بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی چوارشەممە ١٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی کامران سەقایی خەڵکی خوڕەمئاوا ناوەندی پارێزگای لوڕستان، و هەروەها ئەحمەد ناروویی تەمەن ٣٣ ساڵە و محەممەد ئێسحاقزهی تەمەن ٣١ ساڵە، هەردووک خەڵکی زاهیدان لە بەندیخانەی قزڵحیساری شاری کەرەج جێبەجێکرا.

سەعید سەفایی، چەند ساڵ پێش لە شاری شەهریاری تاران بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر و لە کۆتاییدا سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا بوو.

ئەحمەد ناروویی و محەممەد ئێسحاقزهی، هەردووک بەندکراو لە دۆسیەکی هاوبەشدا چوار ساڵ لەمەوەپێش بە هەمان تۆمەت دەستبەسەر و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرا بوو.

تاکوو داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوانە لە میدیا حکومەتییەکان و بەتایبەت لە میدیاکانی نزیک لە دادوەری بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە