کرماشان؛ گەنجێکی کورد بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا

١٨ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ٢٠:٥٨

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٨ی ڕەبەزی ٢٧٢٤

هاووڵاتییەکی کورد و خەڵکی کرماشان بە ناوی مێهرشاد ئەڵماسی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەمە ١٧ی ڕەبەزی ٢٧٢٤ (٨ی ئۆکتۆبەری٢٠٢٤)، مێهرشاد ئەڵماسی، تەمەن ٢٢ ساڵە و خەڵکی گەڕەکی ئاناهیتای کرماشان لە نیزیکی شوێنی گەشتیاری و مێژوویی تاقوەسان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانی لەدەستدا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی مێهرشاد ئەڵماسی، ئەم گەنجە بۆ ڕێگریکردن لە دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕەکەی، لە شوێنەکە هەڵاتووە و لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە دراوەتە بەردەستڕێژ و دوو گوللەی بەرکەوتووە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو چەکدارەی کە تەقەی لەو گەنجە کردووە پێشتریش ڕاستەوخۆ تەقەی لە خەڵک کردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە