جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانی کەم سێ بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی شیراز

١٩ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١١:٥٠

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی سوهەیل حەبیبوڵڵایی و ئەسغەر قوربانی و بەندکراوێکی عەرەب بەناوی یاسین ئەمیری لە بەندیخانەی ناوەندیی شیراز (عادڵئاوا) جێبەجێ کرا. ئەو بەندکراوانە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ١٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی سوهەیل حەبیبوڵڵایی و ئەسغەر قوربانی دوو بەندکراوی خەڵکی شاری ئیسفەراین سەر بە پارێزگای خوراسانی باکوور، و یاسین ئەمیری، بەندکراوی خەڵکی شاری سووسەنگێرد سەر بە پارێزگای خووزستان لە بەندیخانەی ناوەندیی شیراز جێبەجێ کرا.

شایانی باسە کە، یاسین ئەمیری چوار ساڵ پێشتر، و سوهەیل حەبیبوڵڵایی و ئەسغەر قوربانی لە دۆسیەیەکی هاوبەش و لە سێ ساڵ پێشترەوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو سێ بەندکراوە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە