جێبەجێکرانی نهێنی سزای سێدارەی بەندکراوێک لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە

٢٠ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ٠٠:١١

هەنگاو؛ هەینی ٢٠ ڕەزبەری ٢٧٢٤

سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی شاری سەقز بە ناوی ئەسعەد فەرهەنگ بە نهێنی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا. سزای ئەم بەندکراوە هاوکات لەگەڵ بەندکراوێکی کوردی دیکە بە ناوی بورهان ئەنساری جێبەجێ کرا کە وردەکارییەکی لە هەواڵە پێشووەکانی هەنگاو بڵاو کراوەتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مرۆڤی هەنگاو، سەر لە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی ئەسعەد فەرهەنگ، خەڵکی سەقز لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە (بەندیخانەی دەریا) جێبەجێ کرا. سزای سێدارەی ئەم بەندکراوە لە کاتێکدا بە نهێنی جێبەجێ کراوە کە بە پێی ئەو بەڵگانەی کە بە دەستی هەنگاو گەیشتووە، دۆسیەی ناوبراو هەروا بەردەوام بووە و بڕیار بووە سێ هەفتەی دیکە واتە لە ڕێکەوتی ٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ دانیشتنی دادگای ناوبراو بەڕێوە بچێت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سزای سێدارەی ئەسعەد فەرهەنگ بە بێ ئاگاداری بنەماڵەکەی و دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسوکارەکەی جێبەجێ کراوە.

ئەم بەندکراوە ٩ ساڵ پێش بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" دەستبەسەر و لە کۆتاییدا لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

هەنگاو پێشتر لە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێکی دیکەی کورد بە ناوی بورهان ئەنساری، خەڵکی ئورمیە لە بەرەبەیانی پێنجشەممە ڕایگەیاندبوو. ناوبراو بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم دوو بەندکراوە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیا حکومەتییەکان و بە تایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە